تەقینەوەیەك لە شنگال روویدا و نۆ کەس کوژران

بەگوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24 دوو لەو كەسانەی بەھۆی تەقینەوەكە شەھیدبوون، كوردن
ھێزەكانی عێراق لە شنگال - فۆتۆ: ماھیر شنگالی - كوردستان24- ئەرشیف
ھێزەكانی عێراق لە شنگال - فۆتۆ: ماھیر شنگالی - كوردستان24- ئەرشیف

K24 – دھۆك

بەھۆی تەقینەوەی بۆمبێك لە شنگال 9 كەس كوژران، ھەشتیان سەربازی عێراقین و ئەوەی دیكەش ھاووڵاتییەكی سڤیل بوو.

مەحما خەلیل، قایمقامی قەزای شنگال بە کوردستان24ی رایگەیاند: "پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 17ی کانوونی دووەمی 2021، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێک لە گوندی (شەرائیح ئەلشیمال)ی عەرەبنشینی سەر بە قەزای شنگال 9 کەس کوژران" .

روونیكردەوە، بەگوێرەی ئەو زانییاریانەی لەلایەن بەڕێوەبەری پۆلیسی شنگال بەو دراون: "هەشت لە کوژراوەکان سەر بە ئەندازیاری سەربازی عێراقین و پێکدێن لە فەرماندەی فەوجی ئەندازیاری کە پلەی موقەدەمی هەیە لەگەڵ 7 لە پاسەوانییەکانی و، کەسێکی مەدەنی".

مەحما خەلیل ئاماژەی بەوەشكرد: "تیمی ئەندازیاری سەربازی ویستویانە ئەو بۆمبە چێندراوە بۆ شوێنێكی دیكە بگەوازنەوە، بەڵام بۆمبەکە لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا تەقیوەتەوە".  

بەگوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24 دوو لەو كەسانەی بەھۆی تەقینەوەكە شەھیدبوون، كوردن. پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند، موقەدەم حەیدەر عادل محەمەد، كوردی فەیلییە و فەرماندەی فەوج بوو لە سوپای عێراق، ھەروەھا ھێمن فەقێ، دانیشتووی شاری ھەولێرە و سەرباز بوو لە سوپای عێراق، ھەردووكیان لە تەقینەوەكەی ئەمڕۆی شنگالدا شەھید بوون.

موقەدەم حەیدەر عادل محەمەد، كوردی فەیلییە و فەرماندەی فەوج بوو لە سوپای عێراق ئەمڕۆ لە شنگال شەھید بوو
موقەدەم حەیدەر عادل محەمەد، كوردی فەیلییە و فەرماندەی فەوج بوو لە سوپای عێراق ئەمڕۆ لە شنگال شەھید بوو
ھێمن فەقێ، دانیشتووی شاری ھەولێر سەربازبوو لە سوپای عێراق، لە تەقینەوەكەی ئەمڕۆی شنگال گیانی لەدەستدا
ھێمن فەقێ، دانیشتووی شاری ھەولێر سەربازبوو لە سوپای عێراق، لە تەقینەوەكەی ئەمڕۆی شنگال گیانی لەدەستدا

لە دوای ئازادكردنی شنگال لە دەستی داعش، تائێستا پاشماوەی زۆری بۆمب و تەقەمەنی لە سنوورەكەدا ماون.

ھ.م