رێکخراوی هەنگاو: لە سەردەشت ژنێک بە پاساوی نامووس کوژرا

"تائێستا کەس لەسەر ئەو کەیسە دەستگیرنەکراوە"
سۆنیا یەکەمجار لە تەمەنی 16 ساڵیدا هاوسەرگیری کردووە
سۆنیا یەکەمجار لە تەمەنی 16 ساڵیدا هاوسەرگیری کردووە

 K24 - هەولێر

ژنێکی گەنج کە چەند ساڵێکە لە هاوسەرەکەی جیابووەتەوە، لەکاتێکدا خەریک بوو شوو بە کەسێکی دیکە بکات، بەپێی رێکخراوی هەنگاو لەلایەن برا و ئامۆزایەکییەوە بە بیانووی نامووس کوژرا.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رایگەیاند ئەو ژنە ناوی سۆنیا دێهقانە، تەمەنی 25 ساڵە و رۆژی 14ـی ئەم مانگە کوژراوە.

بەپێی سەرچاوەکانی ئەو رێکخراوە، تەرمی ئەو ژنە رەوانەی نەخۆشخانەی خومەینی کراوە لە ئورمییە، پۆلیسیش سەردانی ماڵەکەیان کردووە بۆ لێکۆڵینەوە، بەڵام تائێستا کەس لەسەر ئەو کەیسە دەستگیرنەکراوە.

رێکخراوی هەنگاو زانیاریی لە کەسێکی نزیکی سۆنیا وەرگرتووە، کە گوتوویەتی سۆنیا بە دەستی براکەی و کوڕە مامەکەیەوە کوژراوە.

سۆنیا یەکەمجار لە تەمەنی 16 ساڵیدا هاوسەرگیری کردووە و لەگەڵ هاوسەری یەکەمی منداڵێکیان بووە، بەڵام پێش سێ ساڵ لە هاوسەرەکەی جیابووەتەوە و خۆی و منداڵەکەی لەوکاتەوە لە ماڵی داپیری ژیاون.