داوا دەكرێت كورد بە یەك شاند بچێتە بەغدا

چوونی شاندی جیاواز بۆ بەغدا زیان لە پێگەی كورد دەدات
شاندی حكومەتی ھەرێم بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا
شاندی حكومەتی ھەرێم بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا

K24 – ھەولێر:

چاودێرانی سیاسی داوا دەكەن، حزبە سیاسییەكانی كوردستان بەیەك شاند سەردانی بەغدا بكەن، چونكە چوونی شاندی جیاوازی حزبەكان بۆ بەغدا، دەرفەت دەداتە لایەنە عێراقییەكان تا بە لاواز ھەرێمی كوردستان ببینن، ئەمەش خواستی ئەوانە، كە كورد یەك دەنگ نەبێت، بەڵكو فرە دەنگ و فرە ئاراستە بێت.

لە ماوەی ڕابردوودا چەند شاندێكی حزبی بە جیا سەردانی بەغدایان كردووە، خۆیان دەڵێن: بۆ مافە دەستوورییەكانی ھەرێمی كوردستان چووین، لەكاتێكدا ئەم حزبانەی چوونەتە بەغدا، لە حكومەتی ھەرێمی كوردستان پێكەوەن. شاندی حكومەتی ھەرێمی كوردستانیش لە سەردانەكانی بۆ بەغدا نوێنەرایەتی تەواوی لایەنە سیاسییەكانی ناو حكومەتی كردووە، بۆیە چاودێرێكی سیاسی داوا دەكات حزبەكان بەیەكەوە بچنە بەغدا.

چوونی وەفدی جیاوازی حزبە سیاسییەكانی كوردستان بۆ بەغدا، خواستی شەقامی سیاسی عێراقییە، تا ھەوڵدەن درز لەنێوان ماڵی كورد درووست بكەن و لەو بەینەدا ئامانجەكانی خۆیان بەدیبێنن. ئەوان ھەرێمی كوردستانێكی لاوازییان دەوێت.

لە ماوەی رابردوودا، ھەوڵی ئەوە درا شاندێكی سیاسی ھەرێمی كوردستان سەردانی بە غدا بكات، ئەمەش وەك پاڵپشتی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە گفتوگۆكانی لەگەڵ بەغدا، بەڵام تا ئێستا ئەم سەردانە ئەنجام نەدراوە.