سەردەمی جۆن کەنەدی بە سەردەمی زێرینی ئەمریکا ناودەبرێت.. بایۆگرافیا و وێستگەكانی ژیانی

خۆی و ژنەکەی بوونە خۆشەویسترین سەرۆک و خانمی یەکەمی ئەمەریکا
جۆن كەنەدی و ھاوسەرەكەی
جۆن كەنەدی و ھاوسەرەكەی

K24 – ھەولێر:

60 ساڵ لەمەوبەر جۆن کەنەدی وەک 35ەمین سەرۆکی ئەمریکا سوێندی یاسایی خوارد. کار و ستراتیژ و دەستکەوتەکانی کەنەدی چوونەتە ناو مێژووی ئەمەریکاوە. سەردەمی جۆن کەنەدی بە سەردەمی زێڕینی ئەمەریکا ناودەبرێت.  بەڵام تەنیا 3 ساڵ لە کۆشکی سپی بوو و ساڵی 1963 تیرۆر کرا.

بایۆگرافیا و گرنگترین وێستەکانی ژیانی جۆن کەنەدی:

جۆن فیتزجێراڵد کەنەدی ساڵی 1917 لە خێزانێکی ناوداری ئەمەریکا لەدایک بووە. باپیری سەرۆکی شارەوانی بۆستن بووە. باوکیشی بزنسمانێکی دیار و دواتریش باڵیۆزی ئەمەریکا بووە لە لەندەن.

ساڵی 1939 بۆ یەکەمجار چووەتە ناو سیاسەت و وەک یاریدەدەر لە نووسینگەی باوکی کاری کردووە.

خوێندنی لە زانکۆی ھارڤارد تەواو کردووە.

لە جەنگی جیھانی دووەمدا وەک مولازم لە ھێزی دەریایی وڵاتەکەی خزمەتیکردووە.

لە ساڵی 1953 بووەتە سیناتۆر.

ھەمان ساڵ لەگەڵ جاکویلین بۆوڤییەر کە لە خێزانێکی ئەرستۆکرات و بەناوبانگی ئەمەریکا بووە ھاوسەرگیری کردووە.

ئەستێرەی کەنەدی تا دەھات دەگەشایەوە ساڵی 1960 لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا لە "ریچارد نیکسن"ی بردەوە و بووە گەنجترین سەرۆکی ئەمەریکا.

لە سەردەمی کەنەدی دیبەتی سەرۆکایەتی دەستیپێکرد و یەکەم دیبەیتیان 70 ملیۆن ئەمەریکایی سەیریان دەکرد، تا ئێستاش دیبەتی سەرۆکایەتی بووەتە نەریتێکی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

کەنەدی زۆر گرنگی بە گەنجان دەدا و لە یەکەم گوتاریدا وەک سەرۆکی ئەمەریکا بەشێکی قسەکانی بۆ نەوه‌ی داھاتوو گەنجان تەرخانکرد.

خۆی و ژنەکەی بوونە خۆشەویسترین سەرۆک و خانمی یەکەمی ئەمەریکا.

لەو سەردەمەدا ململانێکان لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت و کوبا و ڤێتنام گەیشتنە لوتکە، لەگەڵ سۆڤیەت مەترسی جەنگی ئەتۆمیش لە ئانوساتدا بوو.

ساڵی 1963 لەگەڵ مارتن لوسەر کینگ پارێزەر و چالاکوانی رەش پێستەکانی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی کۆبوویەوە.

تشرینی دووەمی 1963 وەک ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردنی ساڵی 1964 کەنەدی ته‌مه‌ن 46 ساڵ سەردانی تێکساس دەکات.

لەسەر داواکاری سیاسیەکانی پارتەکەی سەقفی لیمۆزینەکەی لادەبات و 22ی تشرینی دووەمی 1963 سەردانی داڵاس دەکات.

لەگەڵ خانمی یەکەمی ئەمریکا جاکویلین لە پشتەوە دادەنیشن و سڵاو لە ئاپۆرای خەڵکی دەکەن.

کاتژمێر 12:30 نیوەڕۆی ھەمان رۆژ لە شەقامی ئی ئێڵ ئێم تەقە لە کەندی دەکرێت.

دوای نیو کاتژمێر لە نەخۆشخانەی پارکلاندەوە ھەواڵی گیان لەدەستدانی جۆن کەنەدی سەرۆکی ئەمریکا راگەیه‌ندرا.

لیی ھارڤەی ئاسوۆڵد ئەو کەسەی کەنەدیی تیرۆر کرد، پێش دادگاییکردنی لەلایەن جاک رەبیەوە دەکوژرێتەوە.