زەریف لەبارەی B52 ئەمەریكایی: ئێران شەرم لە تێكشكاندنی دوژمنان ناكات

پێویستە ئەو بە ملیاران دۆلارانە لە تەندرووستی باجدەران خەرج بكەن
محەمەد جواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران
محەمەد جواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران

K24 – ھەولێر:

وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جواد زەریف لە بارەی فڕینی فڕۆكەكانی ئەمەریكا لە جۆری B52 بەسەر كەنداودا رایگەیاند، وڵاتەكەی "شەرم لە تێكشاندنی دوژمنان ناكات".

لە تویتێكدا لە سەر پێگەی خۆی لە تویتەر، زەریف نووسیویەتی: "ئەگەر سووڕانەوە B-52Hی تایبەت بەخۆتان (لە ئاماژەیەكدا بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا) بۆ ترساندن و ھۆشداریدان بێت بە ئێران، پێویستە ئەو بە ملیاران دۆلارانە لە تەندرووستی باجدەران خەرج بكەن".

گوتیشی: "نزیكەی 200 ساڵ دەبێت دەستمان بە شەڕ نەكردووە، بەڵام ئێمە شەرم لە تێكشكاندنی دوژمنان ناكەین، تەنھا لە دۆستەكانتان بپرسن ئەوانەی پشتیوانی سەدام حوسێن، سەرۆكی پێشووتری عێراقیان دەكرد.

پێگەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"ی ئیسرئیلی بڵاویكردبووه‌، دوو فڕۆكەی مووشەكھاوێژ لە جۆری بۆینگ بی-52ی ئه‌مه‌ریكا ئەمڕۆ یەكشەممە به‌ ئاسمانی ئیسرائیلدا به‌ره‌و ناوچه‌ی كه‌نداو تێپه‌ڕین.

پێگەكەكە ئاماژەیكردووە، ئەمە جاری پێنجەمە لە میانی ئەم چەند مانگەی دواییدا، ئەم جۆرە فڕۆكانەی ئەمەریكا بەو ناوچەیەدا تێپەڕبن.

ئەمە دوای ئەوە ھات، دەزگا راگەیاندراوەكانی ئەمەریكا ئاشكرایانكرد، دوو مووشەكی ئێرانی بە دووری 100 میل لە كەشتی "نیمیتز"ی فڕۆكەھەڵگری ئەمەریكایی لە زەریای ھیندی كەوتنەخوارەوە، كە ھاوكات بوو لەگەڵ ئەو مانۆڕە سەربازییانەی پاسدارانی ئێران ئەنجامیدەدات و ئەو مانۆڕە هه‌ڵدانی مووشەكی بالیسیتیش لە خۆ دەگرت.

تۆڕی "فۆكس نیوز"ی ئەمەریكایی بڵاویكرده‌وه‌، مووشەكە ئێرانییەكان "بەشێوەیەكی مەترسیدار" لە نزیك كەشتییەكی بازرگانی لە زەریای ھیندی كەوتنە خوارەوە بە دوورایی 100 میل لە فڕۆكە ھەڵگری "نیمیتز"ی ھێرشبەری ئه‌مه‌ریكا.