بڕیار لەبارەی وادەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دەدرێت

ئەمڕۆ سێ سەرۆكایەتییەكە و كۆمسیۆن كۆدەبنەوە
ھەڵبژاردنی عێراق
ھەڵبژاردنی عێراق

K24 - ھەولێر

سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق و كۆمسیۆن ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە یەكلا دەكەنەوە و هاوپەیمانی سائیرونیش چەند لایەنێک بە تەگەرە خستنە بەردەم ئەنجامدنی هەڵبژاردنی پێشوەختە تۆمەتبار دەکات.

بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەكانی عێراق، لەبارەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە كاتی خۆی كە مانگی حوزیرانە یاخود دواخستنی كۆببنەوە و پرسەكە یەكلایی بكەنەوە.

لای خۆیەوە ریاز مەسعودی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هاوپەیمانی سائیرون، چەند لایەنێکی سیاسی بە تەگەرەخستنە بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە تۆمەتبار کرد، بەبێ ئەوەی ناویان بێنێت.

مەسعودی گوتی "هەندێک لایەنی سیاسی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و لەدەستدانی پۆستەکانیان دەترسن.

 هەروەها ئاماژەی بە چەند رێگرییەکی دیکەش لەبەردەم هەڵبژاردن کرد، وەک هۆکاری  سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی.

دوێنێ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، پێشنیازیكرد‌ به‌رێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی پێشوەختە، لە 6ی حوزه‌یرانەوە بۆ 16ـی ئۆكتۆبەر دوا بخرێت.