نەخۆشییەکی ڤایرۆسی لەنێو مەڕوماڵاتی سنووری ئاکرێ بڵاوبووەتەوە و لە دەم و پێیان دەخات

ئاژەڵداران داوای ھاوكاری و بەھاناوەچوون دەكەن
تەپەکی، نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و ڤاکسینی هەیە
تەپەکی، نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و ڤاکسینی هەیە

K24 - ئاکرێ

چەند رۆژێکە نەخۆشییەکی ڤایرۆسی لەنێو ئاژەڵانی دەڤەری ئاکرێ بڵاوبووەتەوە، هەر ئاژەڵێک ڤایرۆسەکەی تووشبووبێت، ناتوانێت خۆراک بخوات و رێبکات، ئاژەڵدارانی سنوورەکەش داوای هاوکاری دەکەن.

ئێستا لە ترسی نەخۆشییەکە کە ناوی تەپەکی-یە، بەشێکی ئاژەڵداران ناوێرن ئاژەڵەکانیان ببەنە پاوانەکان. لە نیشانە دیارەکانی نەخۆشیی تەپەکی: دەمی مەڕوماڵات کول دەکات و لە پێیان دەخات، ئەمەش ئاژەڵدارانی دڵگران کردووە.
   
قادۆ تەڵعەت، یەکێک لە ئاژەڵدارانی سنووری ئاکرێیە، قسە بۆ کوردستان24 دەکات و دەڵێ "ئەوە چەند ساڵێکە نەخۆشی زۆر بوون، هەندێک جار حکومەت هاریکاری کردووین، پشکنینیان کردووە، بەڵام ئێستا هیچ پشکنینێک نەماوە و هاوکاری ناکرێین لە دابینکردنی ڤاکسین و دەرمان".
   
لەبارەی ئەو نیشانانەی لەدوای تووشبوونی نەخۆشیی تەپەکی لە ئاژەڵەکە دەردەکەون، ئاژەڵدارێکی دیکە بەناوی ماجید مەجید دەڵێ، "تەپەکی کەوتووەتە نێو چێڵەکانمان، تەپەکیش دەمیان کول دەکات و لیکیان لەدەم دێت، هەروەها دەست و پێچکیان شل دەکات، داواکارین حکومەت چارەسەرێکمان بۆ بکات".

گێندەڵ محەمەد، ئاژەڵدارێکی دیکەیە، ئەویش هەمان کێشەی هەیە و دەڵێ "دوو، سێ ساڵە نەخۆشی زۆر بوون لەنێو چێڵەکانی ئێمەدا، لەوانە تەپەکی و دەغەلی، ئەمەش بەهۆی ئەوەیە چەند ساڵێکە کوتان نەماوە، هەروەها هۆکارێکی دیکەی ئەوەیە ئاژەڵ بە قاچاغ لە ئێران و سووریاوە دێن، ئێستاش تەپەکی وا هاتووە، هەرچی (ئاژەڵە) دەیکوژێت".

ئەو نەخۆشییە لە سنووری ناحیەی دینارتە لە ئاکرێ بەشێوەیەکی بەرچاو بڵاوبووەتەوە، سەبارەت بە دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی ئاژەڵان، بنکەی ڤێتەرنەریی ناوچەکە دەڵێ دەبێت ئاژەڵداران ڤاکسین لە ئاژەڵەکانیان بدەن، تاوەکو لەو نەخۆشییە دووریان بخەنەوە.

د. عەلی زرار، بەرپرسی بنکەی ڤێتەرنەریی دینارتە دەڵێ، ڤاکسینی تەپەکی لە هەموو نۆرینگەکان هەیە، بەڵام لە بەڕێوەبەرایەتییەکان نییە، پێشتر هەر شەش مانگ جارێک ڤاکسین دەکرا".
 
لەم چەند ساڵەی دواییدا هەرچەندە ئاژەڵداری زیاد بووە، بەڵام نەمانی هەڵمەتەکانی کوتان لەلایەن ڤێتەرنەرییەوە، هەروەها بە قاچاغ هێنانی مەڕوماڵاتی بیانی بۆ نێو هەرێمی کوردستان، نەخۆشییەکانی ئاژەڵانی زیادکردووە و بووەتە جێگەی نیگەرانیی ئاژەڵداران.

 

هـ.ر.