لە ساڵێكدا 10 کەس لە ھەرێمی كوردستان بە مین گیانیان لەدەستداوە

8 كەسی دیكە برینداربوون
مین
مین

K24 – ھەولێر

لە ساڵی رابردوودا 10 كەس لە ھەرێمی كوردستان بەھۆی مین گیانیان لەدەستداوە و 8 كەسی دیكەش برینداربوون.

بەگوێرەی داتاكانی دەزگای گشتیی كاروباری مین لە ھەرێمی كوردستان، ساڵی 2020 چوار كێڵگەی مین پاككراونەتەوە، ھەروەھا رووبەری 360 ھەزار و 696 مەتر دووجا زەوی لە مین پاككراوەتەوە، ھەزار و 172 مین لەناوبراون كە ھەزار و 151 مینی دژە كەسی و 21 مینی دژە تانك بوون.

لە ئامارەكانی دەزگای گشتیی كاروباری مین ئاشكرا كراوە، لە ماوەی ساڵی رابردوودا 10 كەس بەھۆی مینەوە گیانیان لەدەستداوە و 8 كەسی دیكەش برینداربوونە.

لە دوای شەڕی عێراق – ئێران، لە ساڵانی ھەشتاكانی سەدەی رابردوو، بەشێك لە رووبەری ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان مینڕێژكراون، لەدوای راپەڕینی ساڵی 1991ـەوە زۆر رێكخراوی نێودەوڵەتی بۆ پاككردنەوەی كێڵگە مینڕێژكراوەكان ھاتوونەتە ھەرێمی كوردستان، دواتر دەزگای گشتیی كاروباری مین وەك دەزگایەكی ناوخۆیی دامەزراوە و ساڵی 2004 بە فەرمی خراوەتە سەر حكومەتی ھەرێمی كوردستان، ئێستا سێ بەڕێوەبەرایەتیی لە پارێزگاكانی ھەولێر و سلێمانی و دھۆك ھەن.

ئاماری دەزگای گشتی كاروباری مین
ئاماری دەزگای گشتی كاروباری مین