وەزیری پلاندانان: پڕۆژە بودجەی ساڵی 2021 کار ئاسانی زۆر دەکات بۆ خەرجی و داهاتەکان

حكومەتی ھەرێمی كوردستان ئامادەكاری بۆ پڕۆژە بودجەی 2021 دەكات
كۆبوونەوەی وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتی دارایی لەبارەی ئامادەكارییەكانی بودجەی 2021
كۆبوونەوەی وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتی دارایی لەبارەی ئامادەكارییەكانی بودجەی 2021

K24 – ھەولێر

ھەردوو وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتی دارایی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، لەبارەی ئامادەكارییەكانی پڕۆژە بودجەی 2021، كۆبوونەوە و وەزیری پلاندانان رایگەیاند، پڕۆژە بودجەی ساڵی 2021 کار ئاسانی زۆر دەکات بۆ خەرجی و داهاتەکان.

لەسەر راسپاردەی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دووشەممە هەر دوو وەزارەتی پلاندانان و دارایی و ئابووری، بە سەرپەرشتی د. دارا رەشید وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێم كۆبوونەوە. بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی پلاندان، لە کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبونی بریکاری وەزارەتی پلاندانان و بەرێوەبەری گشتی بودجەکانی وەزارەتی دارایی گفتوگۆ لەبارەی ئامادەکارییەکانی هەر دوو وەزارەت کراوە، هەروەها باس لە خشتەی هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکان و ئەنجامدانی کۆبوونەوە لە هەفتەی داهاتوو لەگەڵیان کرا، بەمەبەستی داڕشتنی کاری هاوبەش و ئامادەکردنی بودجەی ساڵی 2021.

ئاماژە بەوەشكراوە، لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری پلاندانان داوای كردووە، پەلە بکەن بۆ دانانی میکانیزمەکانی داڕشتنی بودجەی بەکاربەر و بودجەی وەبەرهێنان کە هەر دوو وەزارەتی پلاندانان و دارایی بەو ئەرکە هەڵدەستن.

راشیگەیاندووە "سەرباری ئەوەی ماوەی چەندین ساڵە هەرێمی کوردستان بەبێ بودجەیە، بەڵام بە هەبوونی بودجە بۆ ساڵی 2021 کارئاسانی زۆر دەکات، بۆ خەرجی و داهاتەکانی حکومەت و هەوڵدان بۆ خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان".