هێلین ئاوات بە کەفالەت ئازادکرا

بەتۆمەتی سووکایەتی بە کەریم کابان دەستگیرکرابوو 
هێلین ئاوات
هێلین ئاوات

K24 - سلێمانی 

ئەو خانمەی لەسەر "سووکایەتی بە هونەرمەند کەریم کابان" دەستگیرکرابوو، بەکەفالەت ئازاد کرا.

دوای ئەوەی سەندیکای هونەرمەندان سکاڵایان لەسەر خانمە مۆدێل و میدیاکار، هێلین ئاوات تۆمارکرد و دوێنێ بەمادەی 2 ی خراپ بەکارهێنانی ئامێری پەیوەندی دەستگیرکرا، ئەمڕۆ بەکەفالەت ئازاد کرا.

سەرکەوت ئەحمەد بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند "سەندیکای هونەرمەندان لە سکاڵاکەیان خۆشبوون و دادوەر بڕیاریدا هێلین بەدەستەبەری 500 هەزار دیار ئازادبکات".
 
هێلین ئاوات، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە بە سناپچات تۆماری کردووە و هەر خۆی سەرەتا بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێ "کۆمێنتی زۆرم بۆ دێت کە دەڵێن رانجرۆڤەرەکەت نەکڕی، جی کڵاسەکەت نەکڕی؟ حەزم کرد بۆتان بکەم بە سوپرایز و پێتان بڵێم: ئەمڕۆ کەریم کابانێکم بە هەدیە بۆ هات، خوا نەیبڕێت، بەتەمام  سەوزە و میوە و تەماتە و پرتەقاڵ و هەرچیم دەستکەوێت بچم بیفرۆشم ...".

لەو ڤیدیۆیەدا مەبەستی هێلین ماتۆرسکیلێکی سێ تایەیە، کە لە کوردستان کاری دەستگێڕی و فرۆشتنی میوە و سەوزەی پێدەکرێت.

گرتە ڤیدیۆییەکە بووە هۆی توڕەبوونی هونەرمەندانی سلێمانی و بنەماڵەی کەریم کابان، کە دوای پێنج ساڵ لە مردنی، ئێستاش یەکێکە لە بەنێوبانگترین هونەرمەندانی کوردستان.

بەهۆی ئەو گرتە ڤیدیۆییەوە، هونەرمەندان و سەندیکای هونەرمەندان لە سلێمانی چەند گردبوونەوەیەکیان کردبوو و سکاڵای یاساییان لەدژیی هێلین تۆمارکردبوو، بەو هۆکارەش دوێنێ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی دەستبەسەرکرابوو.