حاخامێكی جووی "توندڕه‌و": ڤاكسینی كۆرۆنا پیاو ده‌كاته هاوڕه‌گه‌زباز
K24- هه‌ولێر:
حاخامێكی جووی توندڕه‌و داوای له هه‌وادارانی كرد، ڤاكسینی دژ به كۆرۆنا وه‌رنه‌گرن، بۆ ئه‌وه‌ی سروشتی مه‌یلی ره‌گه‌زایه‌تی و هه‌ستی پیاوه‌تییان نه‌گۆڕێت.
رۆژنامه‌ی "ئێندیپێندنت" له‌سه‌ر زاری دانیال ئه‌سۆر، حاخامی ئه‌رتۆدۆكسی گواستییه‌وه، كه به هه‌وادارانی گوتووه: له‌جیهان حكومه‌تێكی شاراوه و شه‌ڕانگێز هه‌یه، له‌ڕێگه‌ی ڤاكسینه‌كانه‌وه هه‌وڵ ده‌دات ژماره‌ی دانیشتوانی جیهان كه‌م بكاته‌وه، له‌پێناو دامه‌زراندنی سیسته‌مێكی نوێی نێوده‌وڵه‌تی.
ئه‌سۆر دووپاتیكرده‌وه، هه‌ر ڤاكسینێك له‌ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی خانه‌ی جیناتی له‌باربراوه‌وه به‌ره‌وپێش ببرێت، ده‌بێته هۆی دروستبوونی هه‌ست و مه‌یلی ره‌گه‌زی دژبه‌ر بۆ هه‌ر كه‌سێك كه ئه‌و ڤاكسینه وه‌ربگرێت و گوتیشی: "به‌ڵگه‌ی ته‌واوم له‌به‌رده‌سته بۆ سه‌لماندنی ئه‌و گوتانه‌ی خۆم".
له‌به‌رامبه‌ردا حاخامه جووه‌كانی دیكه‌ی سه‌ر به تائیفه‌ی ئه‌رتۆدۆكس ئه‌و گوتانه‌ی ئه‌سۆریان ره‌تكرده‌وه و دووپاتیانكرده‌وه، هیچ كێشه و لارییه‌ك له وه‌رگرتنی ئه‌و ڤاكسینانه‌دا نییه.
هاوكات كۆمه‌ڵه‌ی "هافروتا" كه له ئیسرائیل داكۆكی له مافی هاوڕه‌گه‌زبازان ده‌كات، وه‌ڵامی لێدوانه‌كه‌ی ئه‌سۆریان دایه‌وه و له‌ڕێگه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه نووسیویانه: "ئێستا ئێمه به‌چڕی كار بۆ وه‌رگرتنی ژماره‌یه‌كی زیاتری ئه‌ندامی نوێ له كۆمه‌ڵه‌كه‌مان ده‌كه‌ین".
جێگای ئاماژه‌یه، ئیسرائیل ئامانجییه‌تی ڤاكسینی دژ به كۆرۆنا به 5 ملیۆن كه‌س له هاووڵاتییانی بدات، كه ژماره‌یان 9 ملیۆن كه‌سه و له ناوه‌ڕاستی مانگی مارس ده‌ست به كردنه‌وه‌ی ئابوورییه‌كه‌ی بكاته‌وه، كه ئه‌مه‌ش به به‌راورد له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه‌ی جیهان خێراترین هه‌نگاوه به‌ره‌و ئاساییكردنه‌وه‌ی ژیان.
تائێستا زیاتر له 2 ملیۆن كه‌س له ئیسرائیل ژه‌می یه‌كه‌می پێكوته‌كه‌یان وه‌رگرتووه و چاوه‌ڕێی ژه‌می دووه‌م ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا زیاتر له 250 هه‌زار كه‌س هه‌ردوو ژه‌مه‌كه‌یان وه‌رگرتووه.
به‌گوێره‌ی ئاماره فه‌رمییه‌كان، دوای ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌تی كوتان دژ به كۆرۆنا له ئیسرائیل، ژماره‌ی تووشبووانی رۆژانه له‌ناو ئه‌و كه‌سانه كه‌م بووه‌ته‌وه، كه ته‌مه‌نیان سه‌رووی 60 ساڵیدایه.
H.B