هێلین ئاوات وەك دۆسیە
هیچ جێگای سه‌رسووڕمان نییه، له‌وه‌ته‌ی باشووری کوردستان ئازاده و کورد خۆی خاوه‌نی خۆبه‌ڕێوه‌بردنه، سووکایه‌تیی نه‌ک به نیشتیمان ده‌کرێت، به‌ڵکوو نیشتیمان هه‌تکده‌کرێت و هیچ که‌س و یاسایه‌ک نییه، که تاوانکاران بدات به دادگا. لێ ئیمڕۆ كاتێك فه‌رمانی ده‌ستگیرکردن بۆ گه‌نجێکی وه‌كوو هێلین ئاوات ده‌رده‌كرێت و ده‌ستگیری ده‌که‌ن. ئه‌م ده‌ستگیرکردنه ئه‌وه‌مان بیرده‌خاته‌وه، ئێستا و ئالێره‌دا، نه‌ک به ته‌نها ده‌یان بگره سه‌دان دۆسیه‌ی گرنگ و چاره‌نووسساز هه‌ن، نه‌ک ھەر ئاوڕیان لێنەدراوەتەوە، به‌ڵکوو به گرنگیش نازانرێن.
له‌وانه به‌ره‌ڵڵایی سیاسییه. ده‌بوایه دادگاكان، به‌تایبه‌ت له سلێمانییدا، سه‌رقاڵی دادگایی‌کردنی ئه‌و گرۆ و تاکانه بن، که سه‌رقاڵی مامه‌ڵه‌کردنن به ئاینده‌ی نیشتیمانه‌وه چ له‌گه‌ڵ ئێراق و چ له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێدا. هاووڵاتییان ده‌بێت له خۆیان بپرسن، ئاخۆ کێ حکومه‌ته له باشووری کوردستاندا؟ ئه‌مه ئه‌و پرسیاره‌یه، ده‌کرێت هه‌موان هه‌موو ڕۆژێک له خۆمانی بکه‌ین. چونکه هه‌رچییه‌ک هه‌ڵده‌ستێت و ده‌ڵێ، من ده‌چم بۆ به‌غداد و هه‌وڵی چاره‌سه‌رکردنی فڵان و فیسار کێشه ده‌ده‌م، وه‌ک ئه‌وه‌ی، ئه‌وه‌ی به‌م و به‌مانه بکرێت، به شاندنی حکومه‌تی هه‌رێم له به‌غداد نه‌کرێت.
سه‌مه‌ره‌ش لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که حکومه‌ت هیچ کات هه‌ڵوێستی به‌رانبه‌ر ئه‌م به‌ره‌ڵڵایی سیاسییه نییه. کۆمه‌ڵێک ئه‌ندام په‌رله‌مانی کارتۆنیی له به‌غداد، هه‌ر ئه‌وه‌نده نازانیت، سه‌ریان کردووه به کۆشی کۆمه‌ڵێک سیاسیی ئێراقییدا بۆ چاره‌سه‌رکردنی فڵان و فیسار کێشه‌ی هه‌رێم. هه‌ندێک سیاسیی هه‌رێمیش، که هیچ پۆستێکی حکومییان نییه، ڕۆژێک له سلێمانیین و هه‌فته‌یه‌کیش له به‌غداد بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی هه‌رێم. کۆمێدیای ئه‌م سیاسییانه له‌وه‌دایه، که هه‌موویان ده‌یانه‌وێت چ ده‌ربکه‌ون و چ ببن به پاڵه‌وان، له‌کاتێکدا هیچ که‌س ناتوانێت ببێت به پاڵه‌وان، به‌ڵکوو پاڵه‌وان بوونێکه، که له‌دایکده‌بێت بۆ پاڵه‌وانێتیی، واتا خودێتیی تاک، خودێکی پاڵه‌وانه.
ده‌رکه‌وتن مافێکی ئیندیڤیدووێله، هه‌موو که‌س ده‌بێت ئه‌و مافه‌ی هه‌بێت، که ده‌ربکه‌وێت، ئه‌گه‌ر حه‌ز و ئاره‌زووه‌کانی ئه‌و ئه‌وه بێت، که ده‌ربکه‌وێت. هێلین ئاواتیش یه‌کێکه له‌و تاکانه، که ئه‌م مافه‌ی نابێت لێزه‌وت بکرێت. من هێلین ئاواتم، هه‌تاوه‌کوو ئه‌م دۆسیه‌یه نه‌ک نه‌ناسیووه، به‌ڵکوو ناویشیم نه‌بیستوه. لێره‌شه‌وه من داکۆکیی له مافه‌کانی ده‌که‌م.
ئه‌گه‌ر بێت‌و من ئێستا چه‌ند ڕێنماییه‌کی ته‌ندروستیی بده‌م به هاووڵاتییانی باشوور، که له ڕێگایه‌وه ژیانی خۆیان و ته‌ندروستیی خۆیان بپارێزن، بۆ نموونه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی کۆرۆنادا. ئه‌وا هه‌وڵه‌که‌م چه‌ند کاتژمێرێکی به‌سه‌ردا تێناپه‌ڕێت و حکومه‌ت ڕێکاری یاساییم له‌گه‌ڵدا به‌کاردێنێت. لێ هه‌تاوه‌کوو ئێستا به‌هیچ شێوه‌یه‌ک حکومه‌ت به‌رانبه‌ر ئه‌م به‌ره‌ڵڵاییه سیاسییه نه‌هاتۆته ده‌نگ.
پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، بۆچی؟ بۆچی حکومه‌ت و په‌رله‌مان به‌رده‌وام بێده‌نگن به‌رانبه‌ر ئه‌م به‌ره‌ڵاییه؟ بۆچی هه‌تا ئێستا قسه‌کردن له‌سه‌ر جیاکردنه‌وه‌ی سلێمانیی له هه‌رێم، بابه‌تی گه‌رمی چه‌ند سیاسییه‌که و حکومه‌ت و په‌رله‌مان له به‌رانبه‌ریدا بێده‌نگن؟ ئاخۆ هه‌موو ئه‌مانه، ئه‌و پرسیاره‌مان لا دروست ناکات، که کێ حکومه‌ته له باشووردا؟ ئاخۆ ئه‌م به‌ره‌ڵڵاییه، شیاوی ڕیفۆرم نییه؟
پێویستە دادگا به ته‌نگ ئه‌و کێشانه‌وه بچێت، که خاوه‌نی ناوه‌ڕۆکێکی گه‌وره‌ی سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تین؟ له سه‌ره‌تای کۆرۆنادا، هێنانه ده‌ره‌وه‌ی خه‌ڵکیی بۆ خۆپیشاندان و زیادکردنی ڕێژه‌ی تووشبووان. نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌ی سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تیی له‌ژێر ناوی خۆپیشانداندا، هه‌ڕه‌شه و کووشتن و سه‌رانه لێستاندن. ته‌قاندنه‌وه‌ی ته‌نکه‌ری گاز و ....هتد.
که‌چی ڤیدیۆیه‌کی کیژێکی گه‌نج، که سه‌رقاڵی ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆیه‌تی، به‌و شێوه‌یه‌ی، که گه‌نجێک له‌م سه‌رده‌مه‌دا حه‌زی پێیه‌تی، بیست و چوار کاتژمێری به‌سه‌ردا تێناپه‌ڕێت، ده‌ستگیرده‌کرێت. ئه‌مه له‌کاتێکدا له‌شکرێکی گه‌وره‌ی به‌کرێگیراوی سووکایه‌تییکه‌ری، جنێوده‌ر له سۆسیال میدیادا هه‌ن، که به‌م ڕۆژگاره به ناوی خۆیانه‌وه نه‌ک شکۆی تاک ده‌شکێنن، به‌ڵکوو شکۆی حکومه‌ت و قه‌واره‌ی هه‌رێمیش ده‌شکێنن، لێ رووبەڕووی دادگایش ناكرێنەوە.
ئارگوومێنتی دادگا، خراپ به‌کارهێنانی ئینته‌رنێته دژ به هێلین، وه‌ک ئه‌وه‌ی له سه‌دا نه‌وه‌ت و نۆی هاووڵاتییانی کورد به گشتیی ڕۆژانه ئینته‌رنێت خراپ به‌کارنه‌هێنن، هه‌ر له هاککردن و ناوزڕاندن و شکاندنی یه‌کترییه‌وه هه‌تاوه‌کوو سووکایه‌تییکردن به حکومه‌ت. که‌سوکاری که‌ریم کابان، خۆیان به بریندار ده‌زانن، چونکه، پێیانوایه هێلین سووکایه‌تیی به که‌ریم کابان کردووه.
هونه‌رمه‌ندان هه‌مانشێوه. لێ هێلین هیچ سووکایه‌تییه‌کی به که‌ریم کابان نه‌کردووه، ته‌نها ناوی که‌ریم کابانی وه‌ک مارکه‌یه‌کی ئاوتۆمۆبیلێک به‌کارهێناوه، ئامێریكی لێخوڕین به‌کارهێناوه. هه‌روه‌کوو چلۆن، سه‌ره‌تا له‌یلا علوی هه‌بوو، پاشان وه‌نه‌وشه و مه‌رزییه و ....هتد.
لێ هیچ کام له‌م خانمانه هیچ که‌سێکیان نه‌دا به دادگا، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئاوتۆمۆبیلێک کراوه به ناوی ئه‌وانه‌وه. نرخ و ڕێزی ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه‌ش له هیچ کام له هونه‌رمه‌ندانی تر که‌متر نییه. ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه ژنن، لێ له نائاگایی تاکی کورددا، کێشه‌یه‌کی کو‌لتووریی سێکسوال هه‌یه، که ژن بۆ سواربوونه و پیاو نه‌خێر. هونه‌رمه‌ندان له ئاگایی و نائاگایی خۆیاندا، هێنده به چاوێکی که‌م و سووک ته‌ماشای هێلین ده‌که‌ن، هێنده بیر له‌وه ناکه‌نه‌وه، که کێشه‌که‌یان چییه. ئه‌مانه تەنانەت ڕێگای قسه‌کردنیشی پێناده‌ن.
هێلین بۆی هه‌یه له‌سه‌ر هه‌موو شتێکی تر بدوێت، که په‌یوه‌ندیی به ژیانی خۆیه‌وه هه‌بێت، لێ ئه‌و مافه‌ی نییه، که قسه له‌سه‌ر خه‌ڵکی تر بکات. ئه‌مه بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵکانه‌یه، که سکاڵایان له‌سه‌ر هێلین تۆمارکردووه. گریمان هێلین نییه، به‌ڵکوو که‌سێکی تره، که ئاوتۆمۆبیلێک ناوده‌نێت که‌ریم کابان، گریمان سه‌رۆکێک، هاوسه‌رۆکێک، ژنێکی سیاسیی باڵاده‌ست ...هتد. ئاخۆ هونه‌رمه‌ندان و که‌سوکاری که‌ریم کابان هه‌مان هه‌ڵوێستیان ده‌بوو؟
کۆمێدیای سلێمانیی له‌وه‌دایه، له‌لایه‌ن چه‌ند ڕۆشنبیرێکه‌وه له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی لیستی گۆڕاندا، ناونرا شارێکی لیبراڵ، لێ له‌م شاره نالیبراڵه‌دا، ڕێگا له‌وه ده‌گیرێت، که تاک بوونی خۆی ڕابگه‌یه‌نێت. دواجار به‌رگرییکردن له هێلین، به‌رگرییکردنه له ئازادیی تاک. ڕق و کینه له مێشکت ده‌ربهێنه و ببه به پشتگیرییکه‌رێکی ئازادییه‌کانی تاک.