پاش كەمێكی دیكە وەزیری بەرگری توركیا دەگاتە ھەولێر

ئاكار لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێم چەند بابەتێك گفتوگۆ دەكات
خەلوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا
خەلوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا

K24 – ھەولێر:

وەزیری بەرگری توركیا خەلووسی ئاكار دوای ئەوەی سەردانی بەغدای كرد، بڕیارە سەردانی ھەرێمی كوردستان بكات و لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێم كۆببێتەوە.

پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند، بڕیارە پاش كەمێكی دیكە، وەزیری بەرگری توركیا بگاتە ھەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێم چەند بابەتێك گفتوگۆ بكات.

ئاكار سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ بەرپرسانی بەغدای كۆبوویەوە و لەسەر گرنگی نەهێشتنی هەڕەشەی تیرۆر لە ناوچە سنوورییەکان رێککەوتن.

بە گوێرەی راگەیاندراوێکی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ خلوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا، مستەفا کازمی، بوونی هەر جۆرە چالاکییەکی تیرۆرستی لە خاکی عێراقەوە بۆ سەر تورکیا رەتکردووەتەوە و راشیگەیاندووە کە هێزەکانی عێراق توانایان هەیە ئەم جۆرە هەڕەشەیە چارەسەر بکەن، بە جێگیربوونیان لە تەواوی ناوچەکانی عێراق.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە هەماهەنگی سەربازی زیاتری نێوان عێراق و تورکیا  كراوەتەوە و هەردوولاشیان رێککەوتن لەسەر گرنگی چارەسەرکردنی هەڕەشەکانی تیرۆر لە ناوچە سنوورییەکان.