ئەڵمانیا: پەیوەندییەكانی ئەوروپا لە گەڵ توركیا جێگای رەزامەندی نەبووە

نامانەوێت ئەزموونی رووداوە نەرێنییەكان جارێكی دیكە دووبارە بكەینەوە، بۆیە بۆ ئێمە گرنگە چاودێری و بەداوداچوونی ئاماژە ئەرێنییەكان بكەین
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا،ھایكۆ ماس
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا،ھایكۆ ماس

K24 – ھەولێر:

لە كاتێكدا توركیا ھەوڵدەدات درزی نێوانیان چارەسەر بكات و پەیوەندییەكانی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا چاكبكاتەوە، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ھایكۆ ماس، ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ ھاوتا توركیاییەكەی كۆبوویەوە.

دوای كۆبوونەوەكە، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا جەختیكردەوە لەوەی پەیوەندییەكانی ئەوروپا لەگەڵ توركیا جێگای رەزامەندی نەبووە، بەڵام داوای چاوتێبڕینی داھاتووی كرد.

جەختیشیكردەوە لەوەی رووداوەكانی ساڵی رابردوو لە نێوان یەكێتی ئەوروپا و توركیا چەند شوێنبرینی درووستكردووە و گوتی: "ئێمە زۆر گفتوگۆمان لەبارەی رۆژھەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست ئەنجامدا، نامانەوێت ئەزموونی رووداوە نەرێنییەكان جارێكی دیكە دووبارە بكەینەوە، بۆیە بۆ ئێمە گرنگە چاودێری و بەداوداچوونی ئاماژە ئەرێنییەكان بكەین".

گوتیشی: گفتوگۆمان لەسەر پرسە ناكۆكەكان كرد، ئەو پرسانەش دەكرێن چارەسەر بكرێن و زۆر ئامراز لەم بوارەدا ھەنە، دواتر دەتوانین بگەینە چارەسەرێكی دادپەروەرانە لەم بوارەدا.

لە لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی توركیا، مەولود چاویش ئۆغلو خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان لە ناتۆدا لەگەڵ یۆنان و گفتوگۆكانی داھاتوو لە ئیستانبۆڵ دەبێت و دوای چاوپێكەوتنی لەگەڵ ھاوتا ئەڵمانیەكەی گوتی: شادمانم بەوەی یۆنان دەستیكردووە بە ئامادەبوون لە كۆبوونەوەكانی ناتۆدا.

بەڵام وەڵامی لێدوانەكانی پێشووی یۆنانی دایەوە و سەرسوڕمانی خۆی پیشاندا و گوتی: "من نازانم بۆ یۆنان گوتویەتی، ئەو تەنھا گفتوگۆ لەسەر مەسەلەكانی پەیوەست بە سنووری دەریایی یان ئەو پرسانەی پەیوەستن بە رۆژھەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست دەكات، ئەگەر ئەمە راست بێت، ئەمە رێبازێكی سوودمەند نییە، چونكە ئەو پرسانە بوونەتە ھۆكاری زۆر گرژی لەنێوان یۆنان و توركیا، ئەوانە لە 60 دانیشتنەكانماندا باسمانكرد، دەمانەوێت جارێكی لە دانیشتنی 61ی داھاتوودا گفتوگۆی لەسەر بكەین".

ھەروەھا ئاماژەیكرد، سەرۆكی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان پێشنیازێكی پێشكەشكردووە بۆ بەستنی كۆنگرەیەكی تایبەت بە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست و گوتی: "پێشنازەكە بۆ یەكێتی ئەوروپا نێردراوە، بەڵام تا ئێستا ھیچ وەڵامێكی نەبووە".