سەرۆکایەتییەکانی عێراق و کۆمسیۆن هەڵبژاردنی پێشوەختە یەکلا دەکەنەوە

خەسرەو گۆران :کورد لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنە لە کاتی خۆیدا
سەرۆكایەتییەكانی عێراق
سەرۆكایەتییەكانی عێراق

K24 – ھەولێر:

به‌رپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، کورد لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنە لە کاتی خۆیدا و ئەگەر دوابخرێت بۆ چارەسەری کێشەکانی بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان باشتر دەبێت.

سێ سەرۆکایەتیەکە و کۆمیسیۆن لە گفتوگۆدان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان، بەڵام هیچ کام لەو سێ سەرۆکایەتیە ناتوانن بە فەرمی و راشكاوانه داوای دواخستنی هەڵبژاردن بکەن، بەڵام بەپێى زانياريیەكان کۆمیسیۆنیان راسپاردووە داوای دواخستنی هەڵبژاردن بکات.

کورد بۆ هەڵبژاردن ئامادەیه، لە حاڵەتێکیشدا ئەگەر دواخرا ئەوا هەنگاوێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو کێشانە بکرێت، کە لەبەردەم ئەم هەڵبژاردنەدانە.

خەسرەو گۆران، به‌رپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی گوتی: "ئەم هەڵبژاردنە بۆ ناوچە کوردستانییەکان گرنگە و هەندێک لایەنی سیاسیش وەک کارتی فشاری سیاسیش بەکاری دەهێنن".

ئەنجامدان یان دواخستنی هەڵبژاردن لایەنە سیاسیە عێراقیەکانی دابەشی دوو بەرە کردووە ئەو لایەنانەی خۆیان بە زۆرینە دەزانن لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنن. کورد کێشەی لەگەڵ ئەنجامدان یان دواخستن نییە، ئەوەی بۆ کورد گرنگە لە ناوچە کوردستانییەکان كورد یەک هەڵوێست بێت، بە تایبەت لەو بازنانەی مەترسی لەسەر دەنگەکانی کورد هەیە. داوا دەکرێت ئەم مەترسییانەی لەو بازانەنە ھەیە لەبەرچاوبگیرێت کە كار دەكەنە سەر کەمکردنی کورسیەکانی كورد.

ئازاد جۆڵا، کادری باڵای یەکێتی گوتی: لایەنە عێراقیەکان دابەشی دوو بەرەبوون بەرەیەکیان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنن بەتایبەت ئەو لایەنانەی کە کورسی کەمیان لە ئەنجومەنی نوێنەران هەیە.

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشنیازی کردووە رۆژی 6ی مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت، کەمتر لە 5 مانگی ماوە بۆ ئەو وادەیە، بەڵام سێ سەرۆکایەتیەکە و کۆمیسیۆن لە هەوڵدان ئەو هەڵبژاردنەی پێش وەختە لەو وادەیە نەکرێت و لە ترسی شەقام هیچ کام لەو سێ سەرۆکایەتیە و لایەنە سیاسیەکانیش نايانەوێت ئەو بڕیارە بدەن. پێدەچێت ئەو بڕياره بخەنه گۆڕەپانى کۆمیسیۆن.