له سۆران فێرگه‌یه‌كی تایبه‌ت به نینجا كراوه‌ته‌وه
K24 – ھەولێر:
نینجا جۆره وه‌رزشێكی به‌رگریكردنه و له‌بنەڕه‌تدا له‌سه‌ده‌ی پازده‌هه‌م له ژاپۆن سه‌ریهه‌ڵداوه، له‌ساڵی 2017 هێنراوه‌ته هه‌رێمی كوردستان و ئاره‌زوومه‌ندی زۆری هه‌یه. له سۆران چوار مانگه فێرگه‌یه‌كی تایبه‌ت به نینجا كراوه‌ته‌وه و بێگوێدانه ساردی و سڕی ناوچه‌كه راهێنانه‌كانیان له‌بناری چیای حه‌سه‌ن به‌گ له‌نێو به‌فر و سه‌رمای ئه‌وێ ئه‌نجامده‌ده‌ن.
له ره‌شه‌بایه‌كی به‌هێز و ساردییه‌كی بێ وێنه‌ی 5 پله ژێر سفری سیلیزی له‌به‌رزاییه‌كانی حه‌سه‌ن به‌گ له ناوچه‌ی برادۆست، بۆ خۆگونجاندن له‌م دۆخه به جوڵه‌ی نه‌رم ده‌ست به گه‌رمكردن و راهێنانی ماسولكه و جه‌سته‌یان ده‌كه‌ن.
بۆ راهاتن له سه‌رمای زۆر و به‌هێزبوونی به‌رگری جه‌سته‌یان، زیاتر له 20 فێرخوازی نینجای سۆران مه‌شقیان هێناوه‌ته ناو به‌فر.
بازدان له‌سه‌ر ئاگر و تاقیكردنه‌وه‌ی هونه‌ره‌كانی به‌رگری له نێو به‌فر كارێكی ئاسان نییه، به‌ڵام گه‌رمی جوڵه‌ی یاریزانان پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت و هه‌ست ناكه‌ی ره‌شه‌با و سڕی به‌فر جوڵه‌ی تێدا ئاسته‌م بێت.