زەریف: ئێران بەدوای گرژی و شەڕنانەوە نییە و ترەمپ كاریگەری لەسەر ویستی ئێمە نەكرد

زەریف: سیاسەتی ئێمە بەرامبەر بە ئیدارەی جۆ بایدن، ھەنگاو بەرامبەر بە ھەنگاو دەبێت
محەمەد جواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران
محەمەد جواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران

K24 – ھەولێر:

وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جواد زەریف رایگەیاند، وڵاتەكەی بەدوای گرژی و شەڕدا ناگەڕێت، ئاماژەشیكرد، رێكارەكانی ئیدارەی ماوە بەسەرچووی سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ كاریگەری لەسەر ویستی گەلی ئێران ناكات.

لە پەراوێزی كۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە ئەنجوومەنی شورای ئێران، زەریف جەختیكردەوە لەوەی وەزارەتی دەرەوە رێكاری یاسایی نێودەوڵەتی و دوو لایەنیی لە ناوەوه‌ی ئێران و ھەروەھا لە عێراقدا گرتووەتەبەر لە میانی بەدواداچوونی بۆ سزادانی تێوگلاوان و ئەوانەی دەستیان ھەبووە لە لەناوبردنی فەرمانداری فەیلەقی قودس، قاسم سولەیمانی و راپۆرتێكیش لەم بارەوە پێشكەش بە ئەندامانی ئەنجوومەن كردووە.

گوتیشی: "ئێران نە ھەوڵی نانەوەی گرژی و نە نانەوەی شەڕ نادات، بەڵام رەفتارە ئابڕوبەرەكانی حكومەتی ترەمپ كاریگەری لەسەر گەلی ئێران نابێت".

بەردەوام بوو لە سەر قسەكانی و گوتی: "ئەگەر كەسێك نیازی بوو ھێرش بكاتە سەر ئێران، دەبێت تەماشای مێژووی ھێرشكارییەكانی پێشوو بكات، بەڵام پێمواتە ھێزی بەرپەرچدانەوەی ئێمە لەو یەك دوو رۆژەی ماوە لە ئیدارەی ترەمپ زۆر باش كار دەكات".

لە لێداوانێكی دیكەیدا، زەریف گوتی: "سیاسەتی ئێمە بەرامبەر بە ئیدارەی (سەرۆكی ھەڵبژێردراوی ئەمەریكا) جۆ بایدن، ھەنگاو بەرامبەر بە ھەنگاو دەبێت و قبووڵی رێوشوێنەكان بەرامبەر بە راگەیاندراو ناكەین".

سەرچاوە: RT