ترەمپ بڕیارێکی دا و دوای چەند خولەکێک ئیدارەی بایدن رەتیکردەوە

بڕیارەکەی ترەمپ دەبوو لە 26ـی ئەم مانگەوە جێبەجێ بکرێت
جۆو بایدن، دۆناڵد ترەمپ
جۆو بایدن، دۆناڵد ترەمپ

K24 - هەولێر

گوتەبێژی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا جۆو بایدن، دووشەممە رایگەیاند ئیدارەی داهاتووی بایدن، ئەو بڕیارەی ترەمپ جێبەجێ ناکات، کە تازە دەری کردووە و تێیدا قەدەغەی هاتنە ناوەوەی هاووڵاتیان لە بەرازیل و زۆربەی وڵاتانی ئەوروپای هەڵگرتووە.

جێن ساکی، رۆژی چوارشەممە لەگەڵ سوێندخواردنی جۆو بایدن، وەکو گوتەبێژی کۆشکی سپی دەستبەکاردەبێت، لە توویتێکدا گوتی "لەگەڵ رەوشی سەخت بەهۆی پەتا و دەرکەوتنی ڤایرۆسی گۆڕاو کە زووتر تەشەنە دەکەن لە وڵاتانی جیهان، ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ هەڵگرتنی قەدەغە لەسەر گەشتی نێودەوڵەتی".

گوتیشی "لەسەر بنەمای ئامۆژگارییەکانی تیمی پزیشکیمان، ئیدارەی بایدن بەنیاز نییە ئەو کۆتوبەندە لە 26ـی کانوونی دووەم هەڵبگرێت، لەڕاستیشدا ئێمە پلانمان هەیە رێوشوێنە تەندروستییە گشتییەکان تووندتر بکەین، ئەوانەی پەیوەندییان بە گەشتی نێودەوڵەتی هەیە، بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆڤید-19".

ئەو تویتە تەنیا چەند خولەکێک دوای ئەوە بوو، کە ترەمپ رایگەیاند قەدەغەی گەشتی سەپێنراو لەسەر گەشتیارانی بەرازیل، بەریتانیا، ئێرلەندا و ئەو وڵاتانەی دەکەونە سنووری شنگن لە 26ـی ئەم مانگەوە هەڵدەگرێت، ئەوکاتەش هەموو ئەو کەسانەی دەیانەوێت بێنە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، دەبێت نیشانی بدەن ئەنجامی پشکنینی کۆرۆنایان نێگەتیڤە.

ترەمپ لە راگەیەندراوەکەیدا کە کۆشکی سپی بڵاویکردووەتەوە دەڵێ، "ئەو رێوشوێنە باشترین رێگایە بۆ بەردەوامبوون لە پاراستنی ئەمەریکییەکان لە کۆڤید-19، لە هەمان کاتدا دەستکردنەوەیە بە گەشت بە سەلامەتی"، ئاماژەی بەوەش داوە قەدەغەکە بەردەوام دەبێت لەسەر ئەوانەی دەیانەوێت لە چین و ئێرانەوە رووبکەنە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

رۆژی سێشەممەی رابردوو، بەرپرسانی تەندروستیی ئەمەریکا رایانگەیاندبوو هەموو ئەو گەشتیارانەی حەزدەکەن بە گەشتی ئاسمانی رووبکەنە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ناچارن لە 26ـی کانوونی دووەمەوە ئەنجامی نەرێنیی پشکنینی کۆرۆنا نیشانبدەن تاوەکو رێگەیان پێبدرێت سواری فڕۆکە بن.
 
سەنتەرە ئەمەریکییەکانی تایبەت بە رێگریکردن لە نەخۆشییەکان و خۆپاراستن لێیان، پێشنیازیان کردووە هەر گەشتیارێک دوای سێ بۆ پێنج رۆژ لە گەیشتنی بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، دووبارە پشکنینی کۆرۆنا بکات، هەروەها بەلایەمنی کەمەوە حەوت رۆژ خۆی کەرەنتینە بکات لەدوای گەیشتنی.
 
شارەیازایانی تایبەت بە پەتا جیهانییەکان هۆشداری دەدەن لەوەی نەوەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرەو ئەمەریکا دەچن، لەکاتێکدا تائێستا زیاتر لە 379 هەزار ئەمەریکی بە پەتای کۆرۆنا (کۆڤید-19) گیانیان لەدەستداوە، بەگشتی لەو وڵاتە رۆژانە زیاتر لە سێ هەزار کەس بەهۆی ئەو پەتایەوە گیان لەدەستدەدەن.