لە سلێمانی لەسەر شوێنی راگرتنی ئۆتۆمبێل، باوک و کوڕێک بە گوللـە بریندار دەکرێن

دراوسێیەکیان: تەقەکەرەکان پێشتریش تەقەیان لە خەڵکی دیکەی ئەو گەڕەکە کردووە
وێنەی ئەو ماڵەی تەقەیان لێ کراوە و شوێنی گوللـە بە دیوارەکانەوە
وێنەی ئەو ماڵەی تەقەیان لێ کراوە و شوێنی گوللـە بە دیوارەکانەوە

K24 - هەولێر
 
بەهۆی وەستاندنی ئۆتۆمبێل لەبەردەم ماڵێک لە گەڕەکی قالاوەی سلێمانی درەنگانی شەوی رابردوو شەڕ لەنێوان دوو خێزان روودەدات، لە ئەنجامدا دوو کەس کە باوکێکی بەتەمەن و کوڕێکین بە گوللـە بریندار دەکرێن.

کەسێکی دانیشتووی ئەو گەڕەکە پەیوەندیی بە کوردستان24ـەوە کرد و گوتی شەوی "رابردوو لە گەڕەکەکەمان باوک و کوڕێک هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی بەرامبەریان و، دوو کەسیان بریندار کردوون، ئەمە یەکەمجاریش نییە ئەو باوک و کوڕە کە تەمەنی 16 ساڵێک دەبێت، بە گوللـە هێرش بکەنە سەر خەڵک".

سەرکەوت عەزیز، خەزوور و کوڕە خەزووری لە شەڕەکەدا بریندار بوون، لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە چۆنییەتی رووداوەکەی بۆ کوردستان24 باس کرد و، گوتی "کوڕەکەم چووەتە ماڵی باپیری، کاتێک ماڵەکەی بەرامبەریان گوتوویانە نابێت ئەو ئۆتۆمبێلە لەبەردەرگا رابگرێت، ئیدی دەمەقاڵێ دروست بووە، بەڵام ئەوان بە گوللـە هەڵیانکوتاوەتە سەریان و لە ئەنجامدا خەزوورم دوو گوللـەی بە رانی کەوتووە، کوڕە خەزوورەکەشم گوللـەیەکی بە رانی کەوتووە و ئێستا هەردووکیان لە نەخۆشخانەن".

کەریم قادر، ئەو کەسەیە کە دوو گوللـەی بەرکەوتووە، ئەو عەرەبانەیەکی هەیە و رۆژانە لەبەردەرگای ماڵەکەی گوڵەبەڕۆژە دەفرۆشێت، بەگوتەی ئەو کەسەی پەیوەندیی بە کوردستان24 کرد، "پیاوێکی هەژارە".

دراوسێکەی کەریم، لەکاتی پەیوەندییەکەدا دەنگی خەڵکی دیکەی لە نزیکەوە دەهات، کە دانیشتووانی هەمان گەڕەک بوون، ئەو بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کێشەی بۆ دروست نەبێت، داوای کرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بەڵام گوتی ئەو ماڵەی دوێنێ شەو هێرشیان کردە سەر ماڵی مام کەریم، پێشتریش کاری هاوشێوەیان کردووە.

بەگوتەی ئەو دراوسێیە: ماڵە هێرشکارەکە پێشتر کێشەیان لەگەڵ ماڵێکی دیکەش هەبووە لە گەڕەکەکە کە برایەتی، "پێش سێ مانگ بە گوللـە هەڵیانکوتایە سەر ئەوانیش، ماڵی براکەی سکاڵایان کرد بەڵام تائێستا دەستگیرنەکراوە. دواتر هەر هەمان ماڵ بە گوللـە هێرشیان کردە سەر ئۆتۆمبێلی کەسێک، کە بەو گەڕەکەدا دەڕۆیشت، گوتیان: زۆر بێرەدا مەیە، جگە لەوە دەیانەوێت دەست بەسەر پارچە زەوییەکدا بگرن و بە زیادەڕۆیی خانووی لەسەر دروست بکەن، بەڵام هێزە ئەمنییەکان لێیان رووخاندوون".

سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لەبارەی ئەم کەیسەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند "بەڵێ، راستە باوک و کوڕێک لە گەڕەکی قالاوە تەقەیان کردووە و باوک و کوڕێکی دیکەیان بریندار کردووە، ئێستا فەرمانی گرتن بۆ تەقەکەرەکان دەرچووە و پۆلیس بەدوایانەوەن دەستگیریان بکەن".