بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار دۆخی بازاڕی كەرەستەكانی بیناسازی سستكردووە

دابەزاندنی بەھای دینار نرخی كەرەستەكانی بیناسازی بەرزكردووەتەوە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

دابەزینی بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکی، فرۆشی کەرەستەی بیناسازی لە بازاڕەکاندا سست کردووە، ئەو کەسانەشی ئەو کارە دەکەن دەڵێن، فرۆشیان لە چاو جاران بۆ نیوە دابەزیوە، پسپۆڕێکی ئابووری دەڵێت "کەمی فرۆشی کەرەستەی بیناسازی رێژەی بێکاری زیاد دەکات".

لێکەوتەکانی بڕیاری دابەزاندنی بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر بەدۆلاری ئەمەریکی رۆژبە رۆژ زیاتر دەردەکەوێت، یەکێک لەو کەرتانەی زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، فرۆشی کەرەستەی بیناسازی و خانووە، چونکە ھاووڵاتییان ترسیان لە زیاتر دابەزینی بەھای دینار ھەیە و نرخی کەرەستەی دروستکردنی بیناو خانووش بەرز بووەتەوە، ھەر بۆیە ھاووڵاتییان وەک جاران بەلای کەرەستەی بینا دروستکردندا ناچن.

شێرزاد عەلی، فرۆشیاری کەرەستەی بیناسازییە لە سلێمانی بە كوردستان24ی گوت: "ئێمە كارگەی دروستكردنی شیشمان ھەیە، بە دۆلار دەیفرۆشینە موشتەرییەكانمان و ئەوان بە دینار دەیفرۆشنەوە، بۆیە زیانی زیاتر بەر موشتەرییەكانمان كەوتووە، لە ھەمانكاتدا ئیشی ئێمە كەمبووەتەوە".

بڕیارەکەی بانکی ناوەندی عێراقی بۆ دابەزیندنی بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار، وایکردووە خواست لەسەر خانوو زەوی زۆر کەمبێتەوە، ئەوەش وادەکات راستەوخۆ خواست لەسەر کەرەستەی بیناسازیش کەمببێتەوە، پسپۆڕێکی ئابووری دەڵێ "سست بوونی ئەو کەرتە واتە بەرز بوونەوەی رێژەی بێکاری لە داھاتوویەکی نزیکدا".

د. کامەران قادر، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی ئابووری پێی وایە: "زیاتر لە 20%ی كرێكارانی كوردستان لە خانووبەرە ئیش دەكەن، بۆیە بەرزبوونەوەی كەرەستەی خانووبەرە كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر بێكاری".

بڕیاری دابەزاندنی بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکی، شڵەژانێکی لە بازاڕەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان دروستکردووە، کە پسپۆڕانی ئابووری پێشبینی دەکەن کاریگەرییە نەرێنیەکانی ئەو بڕیارە لە داھاتوودا زۆر زیاتر دەبێت.