پڕۆژەیەكی گرنگی كارەبا لە هەولێر جێبەجێكرا

وەزیری كارەبا: لەم كابینەیەدا گرنگیەكی تایبەت بە بونیاتنانی ژێرخانی كارەبا دراوە
دیمەنێكی رێوڕەسمی تەواوبوونی پڕۆژەكە بە ئامادەبوونی وەزیری كارەبا
دیمەنێكی رێوڕەسمی تەواوبوونی پڕۆژەكە بە ئامادەبوونی وەزیری كارەبا

K24 - ھەولێر

لەژێر چاودێری مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 19/1/2021 بە ئامادەبوونی ئەندازیار كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبا و هێمن قادر پارێزگاری هەولێر بە وەكالەت لە مەراسیمێكدا پڕۆژەیەكی گرنگی كارەبا لە ھەولێر تەواو كرا،  كە سێ بڕگەی لە خۆگرتبوو وەك بونیاتنانی وێستگەی كارەبای ئیسكانی نوێ11/33KV- گرێدانی وێستگەی (ئازادی نوێ11/33/132  كەی ڤی) بە وێستگەی  (ئیسكانی نوێ 11/33)– دەرهێنانی 5 فیدەری 11 كەی ڤی.

 لە رێوڕەسمێكدا كە بەبۆنەی تەواو بوونی پڕۆژەكە رێكخرابوو، وەزیری كارەبا سوپاسی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد، كە پاڵپشتی جێبەجێكردنی ئەو ژمارە زۆرەی پڕۆژەكانی كارەبای كردووەو كاریگەریی بەرچاوی دەبێت لە بونیاتنانەوەی ژێرخانی كارەبا، دواتر وێستگەكەی بەگەڕخست و یەكەكانی وێستگەكەی بەسەركردەوەو لە وتەیەكدا ئاماژەی بە گرنگی  وێستگەی ئیسكانی نوێ كردو گوتی: "كردنەوەی ئەو سێ‌ پڕۆژەیەی ئەمڕۆ لە هەولێر زۆر پێویست بوو بۆ رێكخستنی كارەبا و  كەمكردنەوەی بارزۆری لەناو سەنتەری شاری هەولێردا".

وەزیری كارەبا، جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە كە وەزارەتی كارەبا لەسەرجەم پارێزگا و ناوچە جیاجیاكانی كوردستاندا چەندین پڕۆژەی وێستگە و دەركردنی فیدەری كارەبای دەستپێكردووە .

وێستگەی كارەبای ئیسكانی نوێ بە تێچووی  4 ملیۆن 373 هەزار 525 دۆلار  لەلایەن كۆمپانیای (بیست) جێبەجێكراوە و دوای ئەوەی لەلایەن كۆمپانیای شاندزەوە بەتێچوونی 3 ملیار و 23 ملیۆن و 407 هەزار دینار وێستگەكە بەسترایەوە بە وێستگەی كارەبای ئازادی نوێ و بەتێچوونی 367 ملیۆن و 500 هەزار دینار لەلایەن كۆمپانیای پاڵۆسەوە بە 5 فیدەر كارەبا بەسەر گەڕەك و ناوچەكانی دەوروبەری ئیسكان دابەش كرا، بەڕادەیەكی زۆر باش گرفتی بار زۆری چارەسەر دەكات.

لە چوارچێوەی ئەو رێوڕەسمەدا هێمن قادر پارێزگاری هەولێر بەوەكالەت  سوپاسی وەزیر و تیمەكانی وەزارەتی كارەبای كرد، كە لەماوەی یەك ساڵدا ئەو ژمارە زۆرەی پڕۆژەو كاری گەورەیان ئەنجام داوەو سوپاسی هاوكاری و پاڵپشتی هاووڵاتیانیشی كرد، كە بەدەنگ چاكسازیی و هەنگاوەكانی وەزارەتی كارەباوە هاتوون بەتایبەتی لە پارێزگای هەولێر كە ژمارەیەكی زۆری سەرپێچیەكان چارەسەر كراون.