سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ وەزیرى بەرگرى تورکیا کۆبووەوە

نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە 19/1/2021 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە خلووسى ئاکار، وەزیرى بەرگرى تورکیا و شاندێکى یاوەرى کرد.
نێچیرڤان بارزانی و خلووسی ئاكار
نێچیرڤان بارزانی و خلووسی ئاكار

K24 – هه‌ولێر:

نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە 19/1/2021 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە خلووسى ئاکار، وەزیرى بەرگرى تورکیا و شاندێکى یاوەرى کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە جێگرانى سەرۆکی هه‌رێم، وەزیرى پێشمەرگە، سوپاسالارى هەرێمى کوردستان و بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستان، ئامادەى بوون، باس لە سەردان و دیدارەکانى وەزیرى بەرگرى تورکیا لە بەغدا و هەولێر کرا و هەردوولا جەختیان لە پاراستنى ئارامى و سەقامگیرى لە ناوچەکە و گرنگى هاوکارى و هەماهەنگى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ تورکیا بۆ پارستنى سەقامگیریى ناوچەکە کردەوە.

كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی و خلووسی ئاكار
كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی و خلووسی ئاكار

 

نێچیرڤان بارزانی وێڕاى سوپاسکردنى تورکیا بۆ هاوکارییەکانى لە شەڕى دژى داعشدا بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان، دووپاتى کردەوە کە ناکرێت خاکى عێراق و هەرێمى کوردستان وەک پێگەیەک بۆ هەڕەشەکردن لە تورکیا و وڵاتانى دراوسێ بەکار بهێنرێت و هیواى خواست لەمبارەیەوە عێراق ئەرکى خۆى جێبەجێ بکات، هەروەها شاندى میوانى دڵنیا کردەوە کە هەرێمى کوردستان وەک هەمیشە فاکتەرێکى ئارامى و سەقامگیریى ناوچەکە دەبێت.

كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی و خلووسی ئاكار
كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی و خلووسی ئاكار

 

پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ تورکیا لە هەموو بوارەکاندا، پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا و کێشەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی و شەڕی داعش، بوارەکانى هاریکارى و هەماهەنگیى نێوان هەردوولا، دۆخى ناوچەکە بەگشتى، رێککەوتنى شەنگال و گرنگیى جێبەجێکردنى، گرنگیى پاراستنى سنوورەکان و ئاسایشیان، پەیوەندییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ تورکیا، چەند تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوون.