پزیشكانی چین قه‌وزه بۆ چاره‌سه‌ری كۆڤید – 19 به‌كارده‌هێنن

K24- هه‌ولێر:
زانایانی بایۆلۆجی چینی ئاشكرایانكرد، مادده شه‌كرینه‌كانی ناو خانه‌كانی قه‌وزه‌ی Ecklonya Kurome ده‌توانێت كاری گرنگترین ئه‌نزیمه‌كانی ڤایرۆسی تاجی بوه‌ستێنێت و رێگری لێ بكات له خۆلكاندن به خانه‌كانی مرۆڤه‌وه.
به‌و دۆزینه‌وه‌یه زانایان هیوایان وایه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ماددانه، چاره‌سه‌رێك بۆ په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌رهه‌مبهێنن.
جێگای ئاماژه‌یه، تا ئێستا زانایان ئه‌و ده‌رمانانه بۆ چاره‌سه‌ری تووشبووانی كۆرۆنا به‌كارده‌هێنن، كه له تاقیگه‌كاندا كارامه‌ییان له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كانی دیكه‌دا پشتڕاستكراوه‌ته‌وه، له هه‌مانكاتیشدا به‌دوای مادده‌ی كارامه‌ی دیكه‌دا ده‌گه‌ڕێن، به‌تایبه‌ت وه‌ك چاره‌سه‌رێك له دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌كاربهێندرێت.
له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا زانایان سه‌رقاڵی لێكۆڵینه‌وه‌ن له‌سه‌ر چای ره‌ش، ژه‌هری مار و رووه‌كی مێویژان (رووه‌كێكه له ناوچه شاخاوییه‌كان ده‌ڕوێت و بۆنێكی خۆشی هه‌یه) ده‌كه‌ن، تا بتوانن بۆ درووستكردنی ده‌رمانێك سوودی لێ ببینن، كه رێگری له زۆربوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا بكات.

تیمی زانایان له په‌یمانگه‌ی شه‌نگهای چین بۆ پزیشكیی گیاده‌رمانی به سه‌رۆكایه‌تی توێژه‌ر دینگ كان ئاشكرایانكرد، ده‌كرێت رێگه‌یه‌كی دیكه بۆ چاره‌سه‌ركردنی تووشبووانی كۆرۆنا به‌كاربهێنرێت، ئه‌ویش دوای لێكۆڵینه‌وه‌ی پێكهاته شه‌كرینی ناو خانه‌كانی قه‌وزه‌ی جۆری Ecklonya Kuromeی ده‌ریایی، كه له ده‌ریای ژاپۆندا ده‌ستده‌كه‌وێت.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، پزیشكانی گیاده‌رمانی ئه‌و قه‌وزانه، وه‌ك یه‌كێك له پێكهاته‌كانی ئه‌و ده‌رمانه به‌كارده‌هێنن، كه رێگری له جه‌ڵته ده‌كات و خانه‌كانی له‌ش له كاریگه‌ری مادده تیشكده‌ره‌كان ده‌پارێزێت.
دینگ كان و هاوكاره‌كانی بڕیاریان دا، له توانای پێكهاته‌كانی ئه‌و قه‌وزه‌یه دڵنیا ببنه‌وه، كه تا چه‌ند ده‌توانێت رووبه‌ڕووی ڤایرۆسی كۆرۆنا ببێته‌وه و رێگری له زۆربوونی ڤایرۆسه‌كه له‌ناو خانه‌ی سییه‌كانی مرۆڤ بكات. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش زانایان ئاوێته‌یه‌كی شلیان ئاماده كردووه، كه گرنگترین پێكهاته‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆنای تێدایه و كارلێكیان پێ له‌گه‌ڵ جۆره جیاوازه‌كانی مادده شه‌كرینه‌كان كردووه، كه له خانه‌كانی قه‌وزه ده‌ریانهێناوه.
تیمی زانایان ئه‌وه‌یان پشتڕاست كردووه‌ته‌وه، كه مادده‌ی شه‌كرینی ژماره 375 توانیویه‌تی چالاكییه‌كانی ڤایرۆسی تاجی په‌كبخات و رێگری له زۆربوونی ئه‌و ڤایرۆسه له‌ناو خانه‌كانی له‌شی مرۆڤدا بكات.
تاقیكردنه‌وه‌كانی ئه‌و تیمه ده‌ریانخستووه، ئه‌و مادده شه‌كرینه، كاری ئه‌نزیمی پرۆتینی "3CL pro " په‌كخستووه، كه رۆڵێكی كارا له كۆكردنه‌وه‌ی پێكهاته‌ی نوێی ڤایرۆسی تاجیدا ده‌گێڕێت و ئه‌و مادده‌یه رێگری له دزه‌كردنی ڤایرۆسه‌كه بۆ ناو خانه‌ی سییه‌كانی مرۆڤ ده‌كات.
زانایانی چینی، ئێستا كار له‌سه‌ر دڵنیابوونه‌وه له توانای مادده‌ی ژماره 375 ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بزانن ئه‌و مادده‌یه تا چه‌ند ده‌توانێت چالاكی ڤایرۆسی كۆرۆنا له له‌شی مرۆڤ و گیانه‌وه‌ره‌كانی دیكه‌شدا بوه‌ستێنێت.
سه‌رچاوه: تاس
H.B