وه‌زاره‌تی دارایی وه‌ڵامی هه‌واڵی چه‌واشه‌كارانه‌ی چه‌ند سایت و په‌یجێك ده‌داته‌وه‌

"ماوەیەكە هەندێك پەیج و سایت كە بە پارەی ناشه‌رعی دروستكراون هه‌واڵی چه‌واشه‌كارانه‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌"
وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24- هه‌ولێر:

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی چه‌ند په‌یج و سایتێك ده‌داته‌وه‌، كه‌ هه‌واڵێكیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، گوایا وه‌زیری دارایی به‌ نایاسایی لێخۆشبوونی بۆ یه‌كێك له‌ كۆمپانیاكان كردووه‌ و له‌وباره‌یه‌وه جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و هه‌واڵانه‌ هیچ بنه‌مایه‌كی راستییان نییه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش روونكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ رای گشتی راگه‌یاند.

ده‌قی روونكردنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:‌

ماوەیەكە هەندێك، پەیج و سایتی درۆزن كە بە پارەی حەرام درووستكراون، چەند درۆ، بوختان و چەواشەكارییەكیان بڵاوكردووه‌تەوە، كە گوایە وەزیری دارایی بە نایاسایی لێخۆشبوونی فه‌رمیی گومرگی بۆ (كۆمپانیای خۆشناو) كردووە. ئەمە درۆیە و هیچ پەیوەندییەكی بە راستیەوە نییە و بۆ ئاشكراكردنی راستیەكان و كۆتاییهێنان بە درۆ، بوختان و چەواشەكارییەكانیان، بە گرنگمان زانی ئەم راستیانە بۆ رای گشتی بڵاو بكەینەوە:

1- دوای رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی كشتوكاڵ و دەستەی وەبەرهێنان، كۆمپانیای خۆشناو(پڕۆژەی بە بازاڕكردنی گەنمی جووتیاران)ی وەرگرتووە، كە پێكدێت لە درووستكردنی 60 سایلۆ و چەندین كارگەی ئارد، بڕوێش، گەنمەكوتاو، بنەتۆ، مەعكەڕۆنی، سپارگێتی، كێك، سلیلاك و ئالیك) و چەند پێكهاتەیەكی دیكە.

2- وەزارەتی دارایی و ئابووری هیچ پەیوەندییەكی بە گرێبەست، دیزاین و پێداویستیەكانی دیكەی پڕۆژەی (چیمەنتۆ، شیش، پلیت...هتد) نییە.

3- لێخۆشبوونی فه‌رمی گومرگی بەپێی یاسایی ژمارە(4)ی 2006 ماددەی (5) و بڕگەی شەشەم رەزامەندی بۆ كراوە و هیچ پەیوەندی بە وازارەتی داراییەوە نییە.

4- وەزیری دارایی مافی لێخۆشبوونی فه‌رمی گومرگی بۆ هیچ كەس و لایەن و كۆمپانیایەك نییە و نەیكردووە. 

5- هەموو داتاكان بڕی (شیش، چیمەنتۆ) لە هاندانی وەبەرهێنانەوە بە نووسراوی فەرمی و مۆری فەرمی راستاندنی بۆ كراوە و رەوانەی وەزارەتی دارایی كراوە، بۆیە زیادكردنی درۆیەكی شاخدارە.

6- بە پێی پسوولەی گومرگی هاوپێچ تاوەكو ئەمڕۆ لە كۆی 47 هەزار و 452 تۆن، تەنیا 2 هه‌زار و 375 تۆن شیش هاتووە و هیچ بڕە چیمەنتۆ و پلێتێك نەهاتووە.

7- سكاڵاكردن لە دادگا مافێكی پارێزراوی وەزیر و وەزارەتی دارایی و ئابوورییە.

H.B