نەوە نوێیەکەی کۆرۆنا گەیشتووەتە 60 وڵات

لە حەوت رۆژدا لە زیاتر لە 10 وڵاتی دیکە دەرکەوتووە
لەماوەی تەنیا حەوت رۆژی رابردوو، 93 هەزار کەس لە جیهان بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، وێنە: AFP
لەماوەی تەنیا حەوت رۆژی رابردوو، 93 هەزار کەس لە جیهان بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، وێنە: AFP

K24 - هەولێر

رێكخراوی تەندروستی جیھانی رایگەیاند نەوە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لانی كەم گەیشتووەتە 60 وڵاتی جیھان، (خێرایی بڵاوبوونەوەی ئەوەندە زۆرە لەماوەی) هەفتەی رابردوودا گەیشتووەتە زیاتر لە 10 وڵات.

لەکاتێکدا مردن بە کۆرۆنا لە جیهان دوو ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە و، لە چەند وڵاتێکیش نەوەی نوێ و جیاوازی کۆرۆنا دەرکەوتوون، وڵاتان لە هەوڵی دۆزینەوەی رێگایەکن بۆ چۆنییەتی هێواشکردنەوەی بڵاوبوونەوەی پەتاکە تاوەکو ڤاکسینی کۆرۆنا بەتەواوەتی بۆ هەمووان بەردەست دەبێت.

لەسەرەتای دەرکەوتنی ڤایرۆسەکە و تاوەکو ئێستاش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کە ئەمڕۆ وادەی سەرۆکایەتییەکەی کۆتایی دێت، هەر دەیگوت "ڤایرۆسە چینییەکە"، بەڵام ئەمە گۆڕاوە: ڤایرۆسەکە نەوەی نوێی لێ پەیدا بووە بەهۆی گۆڕان لە پێکهاتەکەی، وەک ئەوەی لە بەریتانیا سەریهەڵدا کە ئێستا لە 60 وڵاتی جیهان بڵاوبووەتەوە، هەروەها ئەوەی لە ئەفریقای باشوور پەیدا بووە و تائێستا گەیشتووەتە 23 وڵاتی جیهان، هەردوو نەوە بەوە دەناسرێنەوە، خێراتر لە ڤایرۆسی کۆرۆنای ئاسایی بڵاودەبنەوە.

لەماوەی تەنیا حەوت رۆژی رابردوودا، 93 هەزار کەس لە جیهان بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدانە بەو پەتایە لە حەوت رۆژدا، لەوەتەی سەرهەڵدانی پەتاکە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019.

هەڵمەتەکانی کوتان لەدژی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا هیوایان بە خەڵکی ئەو وڵاتە بەخشیوە. یەکێتیی ئەوروپاش سێشەممە رایگەیاند پلانی هەیە تاوەکو کۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵ 70٪ـی دانیشتووانە بەتەمەنەکەی کوتابێت، لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا، هەروەها رووسیا و هیندستانیش هێشتا لە قۆناغەکانی سەرەتا و پلاندانانن بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتی کوتان.

ئەمەریکا بە جیاوازییەکی ئێجگار زۆر، یەکەم وڵاتە لەڕووی زۆریی ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا. جۆو بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراو، کە ئەمڕۆ سوێندی یاسایی دەخوات، رایگەیاندووە هیچ شتێک بۆ شانس جێناهێڵێت لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو پەتا جیهانییە.