ترەمپ بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ 73 کەس دەرکرد

چەند کاتژمێرێک پێش کۆتاییهاتنی وادەی سەرۆکایەتییەکەی
دۆناڵد ترەمپ و ستیفن بانۆن لە 18-4-2017، وێنە: AFP
دۆناڵد ترەمپ و ستیفن بانۆن لە 18-4-2017، وێنە: AFP

K24 - هەولێر

کۆشکی سپی ئەمڕۆ رایگەیاند دۆناڵد ترەمپ چەند کاتژمێرێک پێش کۆتاییهاتنی وادەی سەرۆکایەتییەکەی لێبوردنی بۆ 73 کەس دەرکردووە کە یەکێکیان ستیڤن بانۆن، راوێژکاری پێشوویەتی.

لە راگەیەندراوەکەی کۆشکی سپیدا هاتووە "دۆناڵد جەی ترەمپ، بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ 73 کەس دەرکردووە، لەگەڵ بڕیاری کەمکردنەوەی حوکم بۆ 70 کەسی دیکە".

بانۆنی تەمەن 66 ساڵ، یەکێک لە ئەندازیارانی هەڵمەتی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ بوو لە ساڵی 2016، بەڵام لەلایەن ملیاردێرە کۆمارییەکەوە دەرکرا. ئەو لێخوشبوونەش لەکاتێکدایە؛ بانۆن تۆمەتبارە بە گەندەڵیکردن لەو پارەیەی دەگوترێت تایبەت بوو بۆ بنیادنانی دیواری سنووریی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و مەکسیک.

کۆشکی سپی، لە راگەیەندراوەکەیدا لەبارەی بانۆن نووسییویەتی، "سەرکردەیەکی گرنگی بزووتنەوەی کۆماری بوو و بە شارەزایی لە سیاسەت ناسراوە".

رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی لەبارەی ئەو بڕیارەوە دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دوای ئەوەی بە تەلەفۆن پەیوەندی بە راوێژکارەکەی پێشوویەوە کردووە، بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ داوە.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، کە ئەمڕۆ وادەی سەرۆکایەتییەکەی کۆتاییدێت، دەسەڵاتی سەرۆکایەتیی بەکارهێناوە بۆ لێخۆشبوون لە یاریدەدەر و کەسانی نزیکی، بەشێکی ئەو کەسانەش تۆمەتباربوون بە ئەگەری دەستهەبوون لە دەستتێکەڵکردنی رووسیا و تیمی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی لە ساڵی 2016.