له‌نێوانی کاپیتۆڵ و کاپیتاڵدا

Kurd24

هه‌ندێک چه‌مک هه‌یه، پێویسته وه‌ک خۆی بگووترێت و بنووسرێت، به‌تایبه‌ت چه‌مکه‌کانی یۆنانی کۆن و لاتاین. پێدانی ده‌نگی تر پێیان تووشی لێکتێنه‌گه‌یشتنمان ده‌کات. بۆ نموونه، له‌بری ئاوتۆمۆبیل ده‌گووترێت ئۆتۆمبیل، له‌بری ئاوتیزم  ده‌گووترێت ئۆتیزم  (ئاوتیزم چه‌مکێکی یۆنانی کۆنه. ئاوتۆ به واتای خود، به‌سه‌ریه‌که‌وه ده‌بێته شێواندنی گه‌شه‌ی خود. ئه‌م نه‌خۆشییه له‌پێش ته‌مه‌نی سێ ساڵییه‌وه نیشانه‌کانی ده‌رده‌که‌وێت)، له‌بری ئاڵتسهایمه‌ر ده‌گووترێت ئه‌لزه‌هایمه‌ر ....هتد.

له ئێستادا نوێترین چه‌مک، که میدیای کوردیی و هاووڵاتییانی کورد پێوه‌ی سه‌رقاڵن کاپیتۆڵه (Capitol). ئه‌م چه‌مکه زۆرینه‌یجار چ له‌لایه‌ن میدیا خۆیه‌وه و چ له‌لایه‌ن نووسه‌ره‌وه به هه‌ڵه به‌کاردێت و ده‌کرێت به کاپیتاڵ (Capital). دیاره جیاوازییه‌کی گه‌وره هه‌یه له‌نێوانی کاپیتۆڵ و کاپیتاڵدا. سه‌ره‌تا له کاپیتاڵه‌وه ده‌ستپێبکه‌ین، که کورت و پووخت به واتای سه‌رمایه دێت. لێ کاپیتۆڵ سه‌رمایه نییه، به‌ڵکوو ئۆبجێکتێکه، دیکۆرێکی ئه‌ندازیارییه، که کورت و پووخت به واتای بوومه‌ز دێت. مێژووی کاپیتۆڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می ڕۆم (Rom). ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ تێمپڵی یووپیته‌ر، بۆ په‌رستگای یووپیته‌ر. یووپیته‌ر خودای گه‌وره‌ی خواکانی ڕۆم بووه. ئه‌م مۆدێله ئه‌ندازیارییه هه‌تاوه‌کوو ئێستا کاری له‌سه‌ر ده‌کرێت. خودی مزگه‌وته‌کانی ئاینی ئیسلام له‌سه‌ر ئه‌م مۆدێله دروستکراون.

کێشه‌ی زمانی ئینگلیزییش له‌وه‌دایه، که به‌شێکی گه‌وره‌ی چه‌مکه‌کانی یۆنانی کۆن و لاتاین به فۆنه‌تیکی ئینگلیزیی، به ده‌نگی  ئینگلیزیی به‌کارده‌هێنن، له‌کاتێکدا هیچ وڵاتێکی ئه‌وروپیی ئه‌م کاره ناکات. هه‌ر بۆیه که‌س له ئه‌وروپادا کاپیتۆڵ ناکات به کاپیتاڵ. له ئه‌مێریکادا ئه‌م فۆنه‌تیکانه کێشه‌ی زیاتر دروستده‌که‌ن، چونکه ئه‌وان خاوه‌نی ده‌نگێکی تری زمانی ئینگلیزیین. هه‌ربۆیه کاتێک ئینگلیزێک یان ئه‌مێریکاییه‌ک ده‌ڵێ، کاپیتۆڵ، وه‌ها گوێمان لێده‌بێت، که بڵێت کاپیتاڵ، ئه‌مه‌ش وه‌ها ده‌کات، که له قسه‌کردندا جیاوازییه‌کی وه‌ها له‌نێوانی کاپیتاڵ و کاپیتۆڵدا نه‌بیستین، لێ له نووسییندا ده‌یبینین. ئا لێره‌دا ده‌گه‌ینه چه‌قی کێشه‌که له زمانی کوردییدا. کاتێک نووسه‌رێک ده‌نووسێت کاپیتاڵ، نازانین مه‌به‌ستی له سه‌رمایه‌یه یان مه‌به‌ستی له کاپیتۆڵ هیله (Capitol Hill).

کۆنگرێسی ئه‌مێریکاش یه‌کێکه له‌و بینایانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م مۆدێله دروستکراوه، هه‌ربۆیه به کاپیتۆڵیش بانگده‌کرێت (بوومه‌ز). بینای کاپیتۆڵ له ساڵی 1793ه‌وه ده‌‌ستکراوه به دروستکردنی، لێ له ساڵی 1863 دا بینایه‌کی تری بۆ زیاد ده‌کرێت، به بوومه‌زێکی گه‌وره‌وه، که 229 مه‌تر درێژه و 107 مه‌تر پانه و 88 مه‌تریش بڵنده. هه‌روه‌کوو چلۆن تێمپڵه‌که‌ی (په‌رستگا) یووپیته‌ر پیرۆزه، ئاوهاش کۆنگرێسی ئه‌مێریکا، کاپیتۆل هیل بۆ ئه‌مێریکا پیرۆزه.

 ماوه‌ته‌وه بڵێم، پێکه‌وه‌ کارکردن به‌هێزمان ده‌کات و زمانه‌که‌شمان ده‌وڵه‌مه‌ندتر.