"شانازی و شەرفمەندی تەمەنم بوو" دوا وشەكانی ترەمپ پێش ئەوەی كۆشكی سپی جێبێڵێت
K24 – ھەولێر:
سەرۆكی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ و میلانیای ھاوسەری پێش چەند كاتژمێرێك لە كوتاییھاتنی ماوەی سەرۆكایەتیی، كۆشكی سپییان جێھێشت و بەرەو فلۆریدا بەڕێكەوتن و بەشدارییان لە ئاھەنگی دەستبەكاربوونی سەرۆكی ھەڵبژێردراوی ئهمهریكا، جۆ بایدندا نهكرد.
ترەمپ بە كورتی باسی ماوەی چوار ساڵی سەرۆكایەتی خۆی كرد و گوتی: "زۆر جوان بوو چوار ساڵی خایاند" مایەی "شانازی و شەرەفەمندی تەمەنم بوو".
ترەمپ و ھاوسەرەكەی بە ھێلیكۆپتەری سەرۆكایەتی "ماری وان" بەرەو بنكەی ئەندرۆز ھاتن، پێش ئەوەی گەشتەكەیان لە فلۆریدا كۆتایی پێ بێت.
لەكاتی گەیشتنی بۆ بنكەكە ترەمپ گوتی: "لە ماوهی ئەو چوار ساڵەدا زۆر دەستكەوتمان بەدەستھێنا" و " بە رێگایەك لە رێگاكان دەگەڕێمەوە" و ئومێدی بەختێكی گەورەی بۆ ئیدارەی نوێ خواست.
جارێكی دیكە ترەمپ باسی ئەو دەنگانەی كرد، كە لە ھەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەدا بەدەستیھێنابوون و گوتی: "75 ملیۆن دەنگمان بەدەستھێنا و ئەم ژمارەیەش مێژوویییە لە تۆماری ھەر سەرۆكێكدا". ترەمپ باسی پەتای كۆرۆنا كرد و گوتی: "بههۆی كۆرۆنا وەكو ھەموو جیھان ئێمهش گورزێكمان بهركهوت"، دیسان دووبارەی كردەوە لەوەی چین ھۆكاری كۆرۆنا بووە و گوتی: "پێكوتەی كۆرۆنامان لە جیاتی 9 ساڵ لە 9 مانگدا پێشخست".
ترەمپ سوپاسگوزاری خۆی ئاراستەی خانەوادەكەی و یاریدەدهرانی خۆی كرد، ئەوانەی لە چوار ساڵی رابردوودا كاریان لهگهوویدا كرد، لە سەروویانەوە مایك پێنس.
پێنس ئامادەی مەراسیمی دەستبەكاربوونی سەرۆكی ھەڵبژێردراو، جۆ بایدن دەبێت، لە ھەڵوێستێكی جیاوازدا لەگەڵ سەرۆك، كە تاكو ئێستا رەتدەكاتەوە بە "ناو" ناوی سەرۆكی نوێ بھێنێت.
ھاوكات، بایدن دەگاتە كاتدرائیەی سام ماتیۆ و ژمارەیەك لە بەرپرسان گەیشتوونەتە پهرستگایه، لەوانەش سەركردەی كۆمارییەكان لە ئەنجوومەنی پیران، میچ ماكۆنێل.
ئاھەنگی دەستبەكاربوونی 46ەمین سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان، جۆ بایدن، به پاسهوانیكردنی 20 ھەزار ئهندامی گاردی نیشتیمانی و ھێزەكانی سەپاندنی یاسا بهڕێوهدهچێت و واشنتن كراوە بە قەڵایەكی پارێزراو، كە دەبێتە ئاھەنگێكی دەستبەكاربوونی ھەرە پارێزراو لە مێژووی ویلایەتە یەكگرتووەكاندا.
بەپێی خشتەی راگەیاندراو لە لایەن تیمی بەڕێوەبردنی ئاھەنگەكەوە، سەرۆكی ھەڵبژێردراو، جۆ بایدن كاتژمێر 11:00ی بەیانی دەگاتە بینایەی كاپیتاڵ، دوای ئەوە بە چارێكێك بەرنامەی كردنەوە بە نوێژ دەستپێدەكات، كە لە لایەن قەشە لیۆ ج. ئۆدۆنۆڤانهوه دەكرێت.
دوای نوێژ، سوێندخواردن دەستپێدەكات و دوای ئەمیش سروودی نیشتیمانی لە لایەن گورانیبێژ لێدی گاگا دەگوترێتەوە و دواتر ھەندێ ھەڵبەست لە لایەن ئاماندا جۆرمان دەخوێندرێنەوە، پاشان چەند گۆرانییەك لە لایەن جێنیفەر لۆپێزهوه دەگوترێن.
بایدن بەشێوەیەكی فەرمی لە كاتژمێر 12ی نیوەرۆ بەكاتی واشنتن سوێندی دەستووری دەخوات و دەبێتە 46ەمین سەرۆكی ئەمەریكا.
دوای ئەمە بەدوو كاتژمێر، بایدن تاجە گولینەیەك لەسەر گۆڕی سەربازی ون دادەنێت لە گۆڕستانی "ئەرلینگتۆن"ی نیشتیمانی و جێگرەكەی كامالا ھاریس و ھاوسەركەی دۆگ ئیمھۆف و سەرۆكەكان، باراك ئۆباما و ھاوسەرەكەی میشێل، جۆرج دەبلیۆ بوش و ھاوسەرەكەی لۆرا بوش، كلینتن و ھاوسەرەكەی وەزیری پێشو، ھێلاری كلنتن یاوەریی دەكەن.
كاتژمێر سێ و نیو، بایدن یاوەری سەربازی دەكرێت بۆ گەیاندنە كۆشكی سپی، بۆ ئەوەی وهك سهرۆكی نوێی ئهمهریكا بەفەرمی دەست بە ئەركەكانی خۆی بكات.