شکستێکی گەورە چاوەڕێ بارسێلۆنا دەکات

بارسێلۆنا
بارسێلۆنا

 

K24 – هەولێر

کارگێری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانیا ماوەیەکی زۆرە هەوڵی گواستنەوەی ئێریک گارسیا، بەرگریکاری لاوی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی دەدات، بەڵام بەم دواییە یانەی پاریس سانجێرمانی فەڕەنساش بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە هاتووەتە سەر هێڵ.

رۆژنامەی وەرزشی مۆندۆدێپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی بڵاویکردووە، بەم دواییە کارگێری یانە فەڕەنسیەکە لەسەر داوای ماوریسیۆ پۆچێتینیۆ راهێنەری یانەکەیان هەوڵەکانیان بۆ گواستنەوەی بەرگریکارەکەی ستیزن دەست پێکردووە و چاوەڕێش دەکرێت ئەو یانەیە بە پارەیەکی خەیاڵی بەرگریکارە لاوەکە لە چنگی یانە ئینگلیزیەکە دەربهێنێت، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت بارسێلۆنا کە هەوڵێکی زۆر بۆ ئەم گواستنەوەیە دەدات، تووشی شکست بێت.

گارسیا هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی مانچێستەر سیتی کۆتایی دێت و ئامادەش نیە گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە، بۆیە بێ بەرامبەر یانەکەی جێدێڵێت و دەنگۆیەکی بەهێزیش هەیە بگەڕێتەوە ئیسپانیا.