میرزا سەعدوڵلای خەدیری

قەلەندەرخانە

 میرزا سەعدوڵڵای خەدیری کە بە میرزا سەعدوڵڵای هەجیجیش ناسراوە، یەکێکە لە شاعیرە دیاره‌كانی ناوچەی هەورامان، ناوی سۆفی حەبیبە و کوڕی سۆفی خدر، لە تایەفەی وڵیانە، ساڵی 1919 لە ناوچەی هەجیج لە دایکبووە و هەر لەوێ خوێندوویەتی، له‌ منداڵییەوە بەهرەمەندییەکی بێ هاوتا لە تواناکانیدا دەرکەوتووە و له‌و كاته‌شدا هەستیان پێکردووە کە توانای شیعر نووسینی هەیە بە هۆی رووداوێکەوە لە کەناری ئاوی سیروان کە شیعری بۆ گوتووە. شیعرەکانی بە دیالێکتیکی گۆران و موکریانی نووسیوە و گەلێك شێوەی هونەری شیعر بەکار هاتووە، لە شیعرەکانیدا وەك شێوەی کێشی سیلابی خۆماڵی پەنجە و بە شێوەی عرووز و بە شێوەی مەسنەوی و وەك غەزەل و گەلێك بواری دیكه‌ی شیعر نووسین. زۆر بەهرەمەند بووە لە گەلێك بواری دیكه‌دا، وەك بواری خۆشنووسی کە زۆر بە توانابووە تیایدا و نووسینەکانی تا ئێستا ماون، هەروەها توانای گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە خۆی توانیویەتی سەعات دروست بکات و سەعات چاک بکاتەوە، بوارێکی دیكه‌ش تواناکانی پەیکەرتاشین بووە لە بەرد و دار، هەروەها دارتاشی و ئاسنگەری و درووستکردنی خشڵی ژنانە و ناسراوە بەوەی 44 جۆری سەنعەتکاریی زانیوە ئەم بەهرانەی لە شیعرەکانیدا باس کراوە و رەنگیان داوەتەوە و تەنانەت لە ئەنجامی کارە سەختەکانیدا چاوێکی و چەند پەنجەیەکی لەدەستداوە. ساڵی 2017 و دوای 98 ساڵ تەمەن و بەخشش کۆچی دوایی کردووە.