زەینەب خان (کچە کورد)
قەلەندەرخانە
زەینەب خان (کچە کورد)
لە 21/03/1900 لە شاری کۆیە لە دایکبووە، ساڵی 1906 بەر خوێندن لە قوتابخانەی روشدیەی شاری بەغداد، کە یەکەمین قوتابخانەی حکومی کچان بوە لە عێراقدا و تا پۆلی شەشەمی سەرەتایی خوێندوەو دواتر گەڕاوەتەوە بۆ کۆیەو لەوێ دەستی کردوە بە خوێندنی کتێبی ئاینی و زانستی و ئەدەبی، ئافرەتێکی زۆر جوان و شۆخوشەنگ و زیرەکی سەردەمی خۆی بووەو زۆر بە خێرایی فێری زمان و زانستەکانی سەردەمی خۆی بووە تەنانەت لەو سەردەمەدا دوو ماڵە جولەکە دراوسێیان بوون و توانیویەتی لەوانەوە فێری زمانی عیبری ببێت بە باشی و جگە لەوە زمانی عەرەبی و فارسی بە باشی زانیوەو هەروەها ئاشنایی هەبوە بە ئەدەبی روسی. لە بیستەکانی سەدەی رابردوودا ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ سەعید ئاغادا پێکهێناوەو لە گوێرو شەقڵاوە فەرمانبەر بووە.
شایانی باسە کە زەینەب خان خوشکی گەورەی شاعیری گەورەی کورد دڵدار بووەو بەهرەی ئەدەبیش لە دڵداری شاعیردا بەهۆی زەینەب خانەوە پشکوتووەو لەو بارەیەوە دڵدار دەڵێت: زوروفی ئەوسای عائیلەویم مامۆستای گەورەم بووەو سوڵتەی دایکم و خوشکی گەورەم مورشیدم بوون و مەرگی دڵداری شاعیر لە نووسین و شیعرەکانیا رەنگیان داوەتەوە.
بەرهەمە ئەدەبیەکانی کە ماونەتەوە 190 شیعری کورت و درێژو 27 چوارینەو 10 پارچە شیعرن بۆ منداڵان و تاکە شیعرێکی پێنج خشتەکی و بابەتی وەرگێڕانیشی هەبووە کە ناردویەتی بۆ گۆڤاری گەلاوێژ، لە شیعرەکانیدا داکۆکی زۆری لە مافی ئافرەت و توانای ئافرەت کردووە لەو سەردەمەدا.
بەرهەمە ئەدەبیەکانی لەلایەن حیکمەت حەمید مەلا رەئوف ئەفەندی خادیم سوجادە ئامادە کراوە پێداچونەوەو رێکخستنی بۆکراوەو پێشەکی بۆ نوسراوە لە لایەن مامۆستا عەبدوڵڵا زەنگنە کە دەکاتە 336 لاپەڕە.
زەینەب خان لە 18/01/1963 بە نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی کردوە.