خادم

قەلەندەرخانە

ناوی شێخ عەبدولکەریمی قادرکەرەمی بەرزنجەیی، یان شێخ عەبدولکەریمی قەرەچێوارەو نازناوی شیعریی (خادم)ە ئەم زاتە کوڕی شێخ حسێن کوڕی عبدالکریم کوڕی شێخ عبدالقادر کوڕی شێخ حسێنی قازانقایە کوڕی محمودی کڵێسە کوڕی شێخ ئیسماعیلی ولیانیە . برازای شێخ حسنی قەرەچێوارە . لەساڵی 1877 لە گوندی قازانقایەی قەرەداخ لەدایک بووە . دوای مردنی شێخ حسنی قەرەچێوار ، بڕاکەی دەبێتە جێگری کە شێخ محی الدین بووە . دوەی شێخ محی دینیش شێخ عبدالکریم دەبێتە جێنشینی پیری قەرەچێوار . لەرووی ئایینییەوە شێخ عبدالکریم بەو پێیەی قوتابی ھەردوومامی شێخ حسن و شێخ محی دینیش بووە ، کەسێکی ئایینپەروەر بووە و شوێن و جێی تایبەتی ھەبووە لە ناوچەکەو لە عیراقدا بە گشتی . لە رووی سیاسییەوە ، شێخ عبدالکریم جێی گرنگی پێدانی خەڵکی بووە و ھەروەھا ئینگلیزەکان زۆر سەردانیان کردووە و ئەدمۆنز بە دووسێ ھەفتە لە قادرکەرەم ماوەتەوەو ویستویەتی بیخەنە جێی شێخی نەمر مەلیکی کوردستان ، بەڵام ئەم بەمە رازی نەبووەو وتویەتی من خیانەت لە شێخ محمود و کاک ئەحمەدی شێخ ناکەم . ھەندێ کەس ئەڵێن خلاف ھەبووە لە نێوان مەلیکی کوردستان و شێخ عبدالکریم دا ، خلافەکە لەسەر ئەوەبووە، کە شێخ عبدالکریم بڕوای باتورکەکان نەبووەو زانیویەتی ھیچ بۆ کورد ناکەن.

زۆر وتراوە لەسەر ئەم باسە ، بەڵام راستیەکەی ئەوە بووە کە شێخ عبدالکریمیش وەک مەلیکی کوردستان خواستی گەورەی ئەوە بووە،کورد ببێت بە دەوڵەت ، وەک چۆن شێخی نەمریش لەو پێناوەدا برینداربووەو دوور خراوەتەوە و ئازار و ئەشکەنجەی کێشاوە و نەیان ھێشتووە، حوکمەتەکەی پەرە بسێنێت . بەڵام لە رووی ئەدەبیاتی شێخ عبدالکریکمەوە ، گەر چاوی بخشێنین بە دیوانەکەیدا دەبینین جەنابی شێخ لە ھەموو بوارەکانی ژیاندا سوارچاکی گەورە بووە ، شیعری ئایینی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و کوردایەتی و جوانی ئافرەت و شیعری دڵداری پڕمانای ھەبووە و ئەتوانین بڵێین بە زمانێکی کوردی پاراو لەو سەردەمەدا شیعری ھۆنیوەتەوە . شيخ عبدالكريم له ساڵی 1954  دا لە تەکیەکەی خۆیان لە گەڕەکی ئیمام قاسم لە شاری کەرکووک بە نەخۆشی رەبوو گیانی پاکی سپاردووەو بردوویانەتەوە، بۆ قادر کەرەم و لە تەنیشت مامیەوە (شێخ حسن ی قەرەچێوار ) بە خاک سپێرراوە .