غولامڕەزاخانی ئەرکەوازی

قەلەندەرخانە

ساڵی 1775 لە ئاوەدانی سەرچەفتەی ناوچەی بانوێزەی ئیلام لەدایکبووە کە نزیکە لە سنووری عێراقی ئێستا، لە تیرەی (میەسم) و باپیری باوکی ناوی غوڵامڕەزایە و شاعیرێکی بەناوبانگی ناوچەی ئیلامە، حەسەن بەگی باوکی خوێندەوارو مەلا و خاوەن قەڵەم بووەو کاریگەریی زۆر ھەبووە لەسەری وەک مامۆستایەک و ماوەیەکیش لە نەجەف و کەربەلا خوێندویەتی. لەبەر ئەوەی دەوڵەمەند بوون و لە بنەماڵەیەکی ئۆرستۆکراتی بوون فێری سوارچاکی و تیرئەندازی بوەو هەر لە تەمەنێکی گەنجیەوە سەرپەرشتی کاری عەشرەتی کردوەو ئەرکی کۆمەڵایەتی زیاتر بووە لە کەسێکی ئاسایی و لەگەڵ ئەوەشدا شیعری نووسیوەو لە هەندێک شیعریدا نازناوی غوڵامیی بەکارهێناوە، کوڕێکی مردوە بەناوی کەلوەلاییەوەو زۆر کاری تێکردوەو ماتەمنامەی بۆ نوسیوە کە دەکاتە شاکارێکی ئەدەبی وەک ماتەمنامە. لە والی ئیلام نزیک بووەتەوە پاشان هەر ئەم نزیکیە بووەتە دوژمنایەتی و غوڵامڕەزای زیندانی کردوە سالانێک کۆت و زنجیری کردوەو ئەم ئازارانە وەک موناجات زۆر رەنگیان داوەتەوە لە شیعرەکانیدا، دوای ئازادبوونی بە ئاوارەیی و بێکەسی ماوەتەوەو هەموو شتێکی لەدەست چووە. شیعری فرە بابەتی هەیە وەک غەزەل، بۆ ئاوارەیی و دورە وڵاتی، ماتەمنامە و هەندێک جار مەعریفەتی شیعریی وەک ئاینزایەک لە هەستی سۆفیزمەوە نزیکی کردوەتەوە، شیعری زۆری بۆ ئیمامی عەلی نووسیوە و وەک ئەفسانەیەک باسی دەکات، هەندێک پێیان وایە کە غوڵامڕەزا شیعە مەزهەبە و هەندێکی تریش وەک یارسان یان ئەهلی حەق باسی لێدەکەن و دەڵێن شیعرەکانی لە ڕووی بیرو باوەڕەوە لە شیعرەکانی گۆرانزەمین دەچێت. هەر بەو ئاوارەیی و دەربەدەریەوە سەرئەنێتەوەو ساڵی 1840 کۆچی دوایی دەکات.