مامۆستا صادقی نگڵی
قەلەندەرخانە
ساڵی 1902 لە دێی نگڵ لە شاری مەریوان لەدایکبووە، هەروەک نەریتی ئەو سەردەمە لە حوجرەکان خوێندویەتی و خوێندنی ئاینی لەسەر دەستی مەلا بەناوبانگەکانی سەردەمی خۆی تەواو کردووەو ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە.
هەر لە سەرەتای ژیانیەوە خولیای نووسینی شیعر و هەرگیز مەلایەتی نەکردووە بە پیشەیەک بۆ بژێوی و هەمیشە مامۆستایەتی کردووە، بەڵام بێبەرامبەرو خەڵکێکی زۆری فێری خوێندن و نووسین کردوەو بیرکردنەوەی زۆر جیابووە لە مەلاکانی سەردەمی خۆی و بگرە هەر وەک شیعرو نووسینیش، دژ بە مەلاکان بووەو پیاوێکی نیشتمان پەروەرو مۆدێرن بووە بە هەموو شێوەیەک و هەڵسوکەوتی جیاواز بووە لە مەلاکان و گەلێک شیعری نیشتمانی و نەتەوەیی هەیە و کاریگەری قانعی شاعیری زۆر لەسەر بووە، بۆیە زۆربەی شیعرەکانی بۆ کرێکارو جوتیارو خەڵکی چەوساوە نووسیوە، زۆر هۆگری گۆرانی و مۆزیک بووەو هەمیشە ئارەزوی تێکەڵ بوونی هەبووە لەگەڵ دەنگخۆشان و هونەرمەندان، هەوڵی داوە فێری زمانی ئینگلیزی ببێت و سەرکەوتوو بووە.
هەرچەندە ئەوەی کە ماوەتەوە لە نووسین و شیعرەکانی چاپکراوەو زیاتر لە 400 لاپەڕەیە، بەڵام بەشێکی زۆری نووسینەکانی فەوتاوە وەک دیوانێکی کە بەدەستی مەلا محەمەدی خاکی دەینێرێتە شاری مەهاباد بۆ چاپکردن و دەفەوتێت.
شیعرەکانی فرە بابەتن وەک شیعری نیشتمانی و غەزەل و کۆمەڵایەتی و هەجو گەلێک بابەتی تر، ساڵی 1966 لە شاری مەریوان کۆچی دوایی دەکات و هەر لەوێ دەنێژرێت.