جیهان ئارا
قەلەندەرخانە
جیهان ئارا کچی مەلا نەشئەتی پاوەییە، لەساڵی 1858 لە بنەماڵەیەکی ئوروستوکراتی ئەو سەردەمە لە پاوە لەدایکبووە، لای باوکی و مامۆستایانی دیکەی ئەو سەردەمە خوێندوویەتی، بایەخێکی زۆری بە فێربوونی زمان داوە و زمانی فارسی و عەرەبی زۆر بە باشی زانیوە، وەک هەموو کچێکی ئەو سەردەمە ژیانی کچێنی و عازەبی لە ماڵی باوکیدا بردووەتە سەر، سەید تاهیری هاشمی بەڕێزەوە باسی جیهان ئارا دەکات و دەڵێت: "لە جوانی و شۆخوشەنگیدا بێهاوتا بووە". جیهان ئارا شووی بە عەلی ئەکبەرخانی ئەردەڵانی کردووە کە پورزای خۆی بووە، پاش ماوەیەك کە عەلی ئەکبەرخان دەبێتە دەسەڵاتدارو دەچێتە تاران و دەکرێتە بەڕێوەبەری ئازەربێجان، جیهان ئارای بیر دەچێتەوە و تەڵاقنامەی بۆ دەنێرێت و ئیتر پاش ئەو جوداییە جیهان ئارا جوانترینی شیعرەکانی خۆی دەنووسێت کە گوزارشت لە عەشق و خۆشەویستی خۆی دەکات بەرامبەر عەلی ئەکبەر و ئەم جۆرە شیعرانە لەو سەردەمەدا بە گەوهەرێکی ناو ئەدەبی کوردی دادەنرێن، چونکە هیچ ئافرەتێك لەو سەردەمهدا نەیتوانیوە و بە ئازایانە و بێ هیچ پەردەیەك باس لە عەشق و خۆشەویستی بکات. پاشان شوو بە حەبییبوڵڵای بابەجانی سەرەك عێلی جاف دەکات و چەند منداڵی دەبێت و وەک خانمی ماڵ ژیان دەباتە سەر. جێگەو پێگەی شیعرەکانی جیهان ئارا لە ئەدەبی کوردیدا زۆر دەگمەنە بەتایبەت لەو قەسیدە شیعرییهی کە زیاترە لە سەد بەیت و بۆ فیراقی عەلی ئەکبەر نووسیویەتی و گەلێك شیعری تری کە ئاوێزانە بە عەشق و خۆشەویستی و جوانی سرووشت کە بەشێوەی موناجات نوسیویەتی. ئەم ژنە شاعیرە لە ساڵی 1911 لە جوانڕۆ کۆچی دوایی کردووە و هەر لەوێش بەخاک سپێراوە.