مەلا عەلی

قەلەندەرخانە

 ناوی تەواوی "حوسێن مەولوود ئەحمەد"ـە، لە ساڵی 1953 لە گوندی (بەربەرد)ی سەر بە ناحیەی (ماوەت) ی ئەودەم و لە خێزانێکی هەژار و کوردپەروەر بەسکێکی دووانە لەدایک دەبێت. ساڵی 1958 لە تاو چەوساندنەوەی چینایەتی و لەدەست دەرەبەگ، ماڵیان باری کردووە بۆ گوندی (کۆکە)ی سەر بە شارۆکەی (سورداش). ساڵانی (1959-1960) لە خوێندنگەی سەرەتایی چەمەرگا ناونووس کراوە، ساڵانی (1962-1963)دا، دوای سووتاندنی دێیەکانی ئەو ناوچەیە پۆلەکانی سەرەتایی لە سەرچنار و ماوەت و چەمەرگا تەواو کردووە.

لەو قۆناخەی تەمەنیدا بەهۆی زیرەکی و رەوشت بەرزییەوە لای خەڵکی بە گشتی خۆشەویست بووە، لەش سووک و ئازا و ئیشکەر بووە، کارەساتەکانی شۆڕشی ئەو دەم، کاری کردووەتە سەر هەست و هۆشی بوونەتە هۆی ئاشنابوونی بە نیشتمانپەروەری و کوردایەتی. ساڵانی (1966-1967) چووەتە خوێندنگەی ناوەندی (الوطن) لە سلێمانی، هەر لەم ساڵەدا چووەتە ریزەکانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان و (پ.د.ک)ەوە. لەبەر باری ئاڵۆزی ئەو سەردەم و دەسکورتی خێزانەوە قۆناغی ناوەندی بە پێنج ساڵ بڕیووە، دواتر لە خوێندنگ لەساڵی 1971-1972 پەیوەندی کردووە بە زەنجیری رۆشنبیری کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان، بۆیە لە ساڵی 1974 دەکرێت بە لێپرسراوی رێکخراوی (تۆڵە)ی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان لە سلێمانی لە (بەشی وێژەیی) ئامادەیی تەواو کردووە.

ساڵانی (1975-1976) لە زانکۆی سلێمانی- کۆلێژی ئاداب کوردی وەرگیراوە، لە قۆناغی دووەمی کۆلێژ رژێمی بەغدا پێی دەزانن، لە (11-5 - 1977) خۆی گەیاندووەتە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان. لە ماوەی خەباتی پێشمەرگایەتیدا کراوە بە لێپرسراوی كۆمیتەی (ژیلوان)ی سەر بە شارەدێی دوکانی (ی.ن.ک). لە رۆژی 30 یەکی 1979 کاتێ بۆ کارێکی شۆڕشگێڕانە لەگەڵ هەڤاڵ (دکتۆر مارف) عوسمان عەبدوڕەحمان عەسکەری دەچن بۆ گوندەکانی ناوچەی سورداش، لە گوندی (کرژە) دوژمن پێیان دەزانێ و دەسگیریان دەکات.

دوای لێدان و ئەشکەنجەیێکی زۆر، لە رۆژی 6ی حوزەیرانی ساڵی 1979 لە دادگای ھەیئەی خاسەی کەرکووک بە شێوەیەکی دراماتیکییانە لە چەند خولەکێکدا بەبێ ئەوەی پارێزەری ھەبێت، دادگایی دەکرێ و بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەردا دەسەپێنرێت. لەدوای دەرچوونی فەرمانی لەسێدارەدانیەوە تا رۆژی جێبەجێکردنی حوکمەکەی کە تەنیا ٤٥ رۆژی خایاندووە لە شەوی (22/23 7ی 1979) لەگەڵ دوو هاوڕێی تری لە سێدارە دەدرێن. زۆربەی شیعرەکانی دیوانە بچکۆڵانەکەی لە ماوەی ئەو مانگ و نیوەی زیندان، لەسەر سیمی پاکەتی جگەرە نووسیوە، کە هێندێکیان ئارەق و چڵک و خوێنیش کاری تێکردوون گوڵئاسا شەمزاندوونی.