ئازا سەکری

قەلەندەرخانە

ساڵی 1953 لە خیزانێکی هەژاری شاری مەهاباد لەدایکبووەو لە خوێندندا بەردەوام بووە تا بڕوانامەی دیپلۆمی وەرگرتووەو لە ساڵی 1971 لە گوندەکانی کوردستانی ئێران مامۆستا بووە. كۆلیژی ھونەرەجوانەكانی خوێندووە. لە پێناو خەباتی کوردایەتی و پێشمەرگایەتی نەیتوانیوە زانکۆ تەواو بکات، رۆڵی گەورەی بینیوە لە شۆڕشی ئەیلولداو لەو رێگەیەدا تووشی گرتن و سزاو زیندان بووە لە سەردەمی رژێمی شای ئێراندا.

هەر لە سەرەتای ژیانیەوە خولیای ئەدەب و نووسینی شیعری هەبووەو سەرەتا وەک مارکسیەکی چەپ چووەتە ناو ریزی خەباتەوە، بەڵام پاشان دێتەوە ناو ریزی خەباتی نەتەوەیی و کوردستان پەروەری و کاریگەری شاعیرانی وەک هێمن و هەژارو سەید کامیل و شاعیرانی تری کوردی لەسەر بووە لە سەرەتاوە.

لە رۆژڵاتی کوردستان دوای سوارەی ئێڵخانی زادە بە دووەم نوێکەرەوەی شیعری کوردی دادەنرێت و هەندێک لە بەرهەمەکانی وەرگێڕاون بۆ زمانی فارسی و خۆشی هەوڵی داوە لە بواری وەرگێڕانداو وەرگێڕێکی سەرکەوتوو بووە وەک وەرگێڕانی (ئاروشی کەوانگیر)ی سیاوەشی کیسرایی و شیعرەکانی عەلی ئەشرەفی دەروێشیان و نیمای یوشیجی وەرگێڕاوەو بە شێوەزارێکی رەوانی موکریان شیعرو پەخشانی نووسیوەو خاوەنی کۆمەڵە شیعری (کوردستانێکی خوێناوی)ە.

کاری لە بواری شانۆدا کردوەو ئەکتەرێک و نووسەرێکی سەرکەوتووی بواری شانۆ بووە، جگە لەوەی وەرزشوانێکی لێهاتووی شاری مەهاباد بووە.

ئازا سەکری، لە ساڵانی کۆتایی ژیانیدا باری دەروونیی تێکدەچێت و لەگەڵ هەوڵی زۆر بۆ چارەسەرکردنی هەر بێهودە دەبێت و وەک شێتێکی بێهۆش لە کوچە و کۆڵانەکانی شاری مەهاباد ساڵی 2004 کۆچی دوایی دەکات.