ئەنوەر مائی

قەلەندەرخانە

لە ساڵی 1913 لە گوندی مایی سەر بە بەرواری باڵا لە قەزای ئامێدی دهۆک لە دایک بووە، لە خێزانێکی ئایینی کە زۆربەیان زانای ئایینی بوون لەسەر تەریقەتی نەقشبەندی.

تەمەنی سێ ساڵان بووە کە باوکی کۆچی دوایی کردوەو دایکی ئاگاداری بووە و ناردوویەتی بۆ بامەڕنی و لەوێ خوێندنی سەرەتایی تەواو کردووە.

زۆر عەوداڵی خوێندن و مەعریفە بووە و ئیجازەی عیلمی لەسەر دەستی زانای ئاینی شوکری ئەفەندی وەرگرتووە و لەو کاتەوە ناسراوە بە مەلا ئەنوەر.

ماوەیەک ئیمامی مزگەوت بووە، بەڵام حەزی پێنەکردووە و چووەتە بەغداد بۆ تاقیکردنەوەی وەزارەتی مەعاریف و ساڵی 1938 دەبێتە مامۆستای هەردوو وانەی ئایین و عەرەبی و لە دێی شیروون سەر بە پارێزگای هەولێر دەبێتە مامۆستا.

لەگەڵ پارێزەر جەرجیس فەتحوڵلا گۆڤاری (راستی، الحقیقة) بە زمانی کوردی دەردەکەن، لە بەغداد لە نووسەرانی گۆڤاری روناهی دەبێت و لەژێر نازناوی (لاوی چیا) دەنووسێت و لە ئاکامی نووسینەکانییەوە تووشی زیندان و ئازار و ئەشکەنجە و نەفی کردن دەبێت بۆ (قلعة صالح) لە باشووری عێراق وەک شۆڕشگێڕ و رۆژنامەنووس لەبواری مێژوو ئەدەبدا کاری کردووە و گەلێک لە نووسین و شیعرەکانی تا ئێستا کۆنەکراونەتەوە.

پەیوەندی زۆر فراوانی بە هەموو شاعیران و شۆڕشگێڕان و سەرکردەکانی ئەو سەردەمەوە بووە.

کتێبەکانی بەزمانی عەرەبی (الاکراد في بهدینان) لە مووسڵ ساڵی 1960 چاپکراوە و چەند سیمینارێکی هەبووە لە چین دەربارەی کورد. جگە لە دیوانە شیعرییەکەی.

ژیانی ئەنوەر مائی یەکپارچە پێکهاتووە لە خەباتێکی نەپساوەی کوردایەتی تا لە ساڵی 1963 لە ناوچەی بەربانک لە نێوان بامەڕنی و سەرسەنگ لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکەکانی حکوومەتی عێراقەوە و وەک پێشمەرگە شەهید دەکرێت و دەچێتە کاروانی شەهیدانەوە.