مستەفا پاشا یاموڵکی
قەلەندەرخانە
ساڵی 1866 لە شاری سلێمانی لە گەڕەکی سابونکەران لەدایکبووە، رەچەڵەکی دەچێتەوە سەر حەیدەر ئاغا لە عەشیرەتی بڵباس. قوتابخانەی سەربازی روشدیەی تەواو کردوە لە بەغدا و بە پلەی یەکەم دەرچووە، لە ئەستانبوڵ خوێندویەتی، فیرقەی ئەرکانی جەنگ لە حیجاز لەبەندەری عەقەبە خوێندویەتی، کونسڵ بووە لە شاری قارسی قەفقاسیای رووسیا، قایمقامی سەرۆكی ئەرکانی حەربی بووە لە بەغدا.
مستەفا پاشا سەربازو دیپلۆمات و رۆژنامەنوس و شاعیرو نووسەر و خەباتگێڕێکی نەتەوەیی بووە، زمانی تورکی و عەرەبی و فارسی و فەرەنسی و رووسی زانیووە، خاوەنی چەندین پرۆژەی نەتەوەیی بووە بۆ کوردستان، جەمعیەتی کوردستانی دامەزراندوەو پرۆژەی ستراتیژی بەرپا کردنی شۆڕشێکی سەرتاسەری بووە دژ بە کەمالیستەکان. رۆژنامەی بانگی کوردستانی دەرکردوەو باوەڕی بە مۆدێرنیزەی کوردی هەبوەو خەونی ئەوە بوە کورد بخاتە ریزی گەلانی پێشکەوتوو.
خاوەن دەسەڵاتێکی گەورەی کۆمەڵایەتی و خێڵەکی و ئاینی بووەو ژیانی پڕە لەو کارانەی کاریگەریان لەسەر روداوەکان جێهێشتووە. لە ئەرشیفی تورک و ئینگلیزەکان بەڵگەنامەی زۆر هەیە لەسەر مستەفا پاشا و تەنانەت خۆی دادگایی ئەتاتورکی کردوە بە غیابی و بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەرکردوە تا ئەو رادەیەی لە لای تورکەکان بە نەمرود ناوبراوە واتە زۆر ترسناک، چونکە هەوڵی داوە ئەفسەرانی کوردی دەوڵەتی عوسمانی بگێڕێتەوە بۆ کوردستان، و ئەفسەرانی تورکی لە سێدارە داوە.
لە سەردەمی حکوومەتی شێخ مەحموود گەڕاوەتەوە سلێمانی و پەیوەندی بە هەموو شۆڕشگێڕەکانی ئەو سەردەمەوە هەبوە وەک سمایل خانی شکاک و هەموو هەوڵ و کۆششی بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی بووە.
ساڵی 1936 پاش تەمەنێکی پڕ بەخشش و خەبات کۆچی دوایی کردوە.