بەکر عەلی

قەلەندەرخانە

بەکر عەلی نووسەر و شاعیر،19-06-1963 لە گەڕەکی کانێسکانی شاری سلێمانی لەدایکبووە، تا پۆلی دووەمی ناوەندی دەخوێنێت، پاشان بەھۆی دەستکورتی و نەدارییەوە دەستبەرداری خوێندن دەبێت.

 لە ساڵی 1989 دوو برای بەکر عەلی بە ناوەکانی (ئاکۆ و عومەر) لەسەر کوردایەتی و ئەندامێتییان لە ریزەکانی (ی.ن.ک) دا گولـلەباران دەکرێن. ھەر لەسەر یەکێتی ھەموو ئەندامانی خێزانەکەی بۆ ماوەیەک دوور دەخرێنەوە بۆ باشووری عێراق.

پێش راپەڕین دووجار لەلایەن رژێمی بەعسەوە دەستگیر دەكرێت. دوای راپەڕین ھەڵسووراوێکی چالاکی یەکێتی بێکاران بوو. ھاوکات ئەندامی یەکێتی نووسەرانی کورد - لقی سلێمانی بوو.

ساڵی 1992 شیعرێک بەناوی "ئەو شەوانەی لە پرچەکانت رەشترن"، بڵاو دەکاتەوە. سەرنووسەری گۆڤاری "خاک و خۆل" بووە کە تەنھا یەک ژمارەی لە مانگی ئابی 1992 دا لێ دەرچووە. وەک لەسەر بەرگی گۆڤارەکە نووسراوە، ئەو ژمارەیەش رێکخراوی ئاگری سووری کوردستان ئەرکی لە چاپدانی گرتۆتە ئەستۆ.

بەھۆی ھەندێک کار و چالاکییەوە لە 17-08-1994 لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەگیرێت و دوای شەش رۆژ ئازاد دەکرێت.

رۆژی یەکی ئەیلولی 1994، لە خۆپیشاندانێکی جەماوەریی دا دژ بە بڕیاری چۆڵکردنی خانووەکانی ئەوسای حامییەی سلێمانی-پارکی ئازادی ئێستا-، بەھۆی دروستبوونی گرژیی و ئاڵۆزیی و تەقەکردنەوە، لە شەقامی بێسارانی کە دەکەوێتە نێوان باخی گشتی و یانەی فەرمانبەرانەوە، شەھید دەکرێت. ساڵێک بەسەر مەرگیدا تێناپەرێت، دایکی واتا (دایە حەلیم) یش سوێی دەبێتەوە و کۆچی دوایی دەکات.

دواجار کۆی شیعر و نووسینەکانی بەکر عەلی جوانەمەرگ، لەلایەن کاک فەرەیدون عارفەوە کۆدەکرێتەوە و لە دوو توێی کتێبێکدا بەناوی "کاسکێتەکەم بسپێرن بە پاییز" ساڵی 2015 بۆ دووەمجار، چاپ و بڵاودەکرێتەوە.