ئەحمەد بەگی کۆماسی (خاڵە کۆماسی)
قەلەندەرخانە
ساڵی 1798 لەدایکبووە لە عەشرەتی کۆماسی، و لە ناو خەڵکدا بە ئەحمەد بەگی کۆماسی ناسراوەو بە زمانی مەولەوی بە خاڵۆی کۆماسی و هەندێک رایان وایە کە بەراستی خاڵی مەولەوی بووە، تا ئێستا نەزانراوە کە تا چ ئاستێکی خوێندوە، بەڵام لە شیعرەکانیدا دیارە کە ئاستێکی رۆشنبیری بەرزی هەبووە، هەرچەندە زانیاری دەربارەی ژیانی زۆر کەمە، بەڵام شیعرەکانی تائێستا زیندون و شاکارێکن لە ئەدەبی کوردیدا تا ئەو رادەیەی رۆژهەڵاتناس مینۆرسکی لە نووسینەکانیدا ئاماژەی بە توانای گەورەی شیعرو ئەدەبیاتی کۆماسی کردووە، شیعرەکانی کۆماسی لە رووی ناوەرۆکەوە لە وەسف و دڵداری لای نەداوەو وشەی شیرین و لەیلای زۆر دووبارە کردوەتەوەو خۆی بە قەیس شوبهاندوە، یەکێک لە شاکارەکانی کۆماسی شیعری (گڵکۆی تازەی لەیل) تا ئێستا زیندوەو تەنانەت کراوەتە کاری شانۆیی.
زمانی شیعریی کۆماسی زۆر تایبەتەو چەندین دەستەواژەو وشەی شێوەزمانەکانی دیكەی کوردی لە شیعرەکانیدا بەکارهێناوە بەشێوەیەک گەر کەسێک لە شێوەزمانی گۆرانیش تێنەگات لە شیعرەکانی ئەو تێدەگات،جگە لە زمانی کوردی بە زمانی فارسیش شیعری نوسیوە. ساڵی 1878 کۆچی دوایی کردوە.