شێخ مەمدوحی بریغکانی

قەلەندەرخانە

شێخ مەمدووح ئەخلاتی بریفکانی ساڵی 1911 لە گوندی بادێی سەر بە پارێزگای دهۆك هاتووەتە دنیاوە، خوێندنی لە بریفکا لەسەر دەستی مەلا عەبدوڵڵای ئەترووشی، مەلا ئەحمەدی کوڕی مەلا عەبدولخالقی ئاکرەیی، شێخی ناودار شێخ عەبدولڕەحمانی ئەترووشی، حاجی مەلا ئەحمەد و حاجی مەلا عیسای ساڵحێ دەستپێکردووە. پاشان بڕوانامەی دوانزە عیلمی وەرگرتووە لە دانیشگەی (آل البیت) لە بەغدا و دانیشگەی (الحکمة) لە نەجەف، هەموو پارچەکان و شارەکانی کوردستان گەڕاوە بەشوێن مەعریفە و زانستدا، لەساڵی 1943 بۆ یەکەمجار لە گۆڤاری رۆناهی شیعری بڵاوکردووەتەوە و پاشان لە گۆڤاری هاوار، نووسەری کورد، کرێکاران و گەلێك رۆژنامەو گۆڤاری دیكه‌، شیعری بڵاوکردووەتەوە. کاریگەری فەقێ تەیران، مەلای جزیری، مەلای باتەیی، بەکر بەگی ئەرزی، شێخ نوورەدین بریفکانی و شێخ شەمسەدینی ئەخلاتی بەسەر شیعرەکانیەوە دیارە. شارەزاییەکی زۆری لە بواری زمانی کوردی و زمانەوانی و دیالێکتیکە کوردییەکاندا هەبووە، کە بە نووسین و شیعرەکانییەوە دیارە. ساڵی 1970 لە کۆنگرەی یەکێتی نووسەران 28 دەنگی هێناوە لە کۆی 77 دەنگ و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی یەکێتی نووسەران بووە و یەکەمین سەرۆکی لقی دهۆکی یەکێتی نووسەرانی کورد بووە. گەلێك لە نوسەرانی وەک سادق بەهادین ئامێدی و سەیدا حافز و سەبری بۆتانی و رەشید فندی و گەلێکی دیكه‌، توێژینەوەیان له‌ بارەی شیعرو نووسینەکانی کردووە. گەلێک دەستنووسی هەیە کە تا ئێستا بڵاو نەکراوەتەوە. ساڵی 1976 کۆچی دوایی کردووە.