ئەمین ئۆشنوویی

قەلەندەرخانە

ئه‌مین شنۆیی، ساڵی 1889 لە شنۆ لەدایکبووە، بە میرزا محەممەد ئەمینی بەلەدی ناسراوە و هەندێکجاریش بە ئەمین شنۆیی ناوبراوه‌، باوکی دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتوو بووە، تەمەنی 11 ساڵ بووە كه‌ باوکی کوژراوە، دواتریش مامی له‌ ئه‌ستۆی خۆی گرتووه‌، له‌لای مامیشی له‌ خوێندن بەردەوام بووە، لە جەنگی جیهانی یەکەمدا مامی دەکوژرێت و بێکەس دەمێنێتەوە. ئەمین رەوشت بەرز و بەرچاوتێر بووە و چاکەی زۆری لەگەڵ چواردەوری خۆی هەبووە، شارەزاییەکی باشی لە بواری پزیشکی و دەرمانی گیاییدا هه‌بووه‌، ماوەیەك مامۆستا بووە و پاشان بە هەڵبژاردن کراوەتە سەرۆکی شارەوانی شنۆ. ئەمین وەک شاعیر لە چوارچێوەی شیعری عەروزی کلاسیك دەرنەچووە و سەرەتا شیعری بۆ گاڵتە و گەپ و داشۆرین و غەزەل نووسیوە، پاشان کە لە تەریقەتی دەروێشی نزیکبووەتەوە زیاتر شیعری ئایینی و مەولوودنامەی بە پەخشان و شیعر نووسیوە، شینی بۆ شێخ عەبدولقادری شەمزینی (نەهری) نووسیوە کە ساڵی 1925 بە دەستی کەمالیستەکان، لە سێدارە دراوه‌ و قەسیدەی (بەیتی عەبدولڕەحمان) کە قەسیدەیەکی پۆیمە بە دەستنو‌وس ماوەتەوە و هێشتا بڵاو نەکراوەتەوە. شێوەزاری موکریان بەسەر شیعری ئەمیندا زاڵە، بەڵام ئادگاری شێوەزارەکانی دیكه‌یش بە شیعرییه‌كانییەوە دیارە، لە ساڵی 1954 کۆچی دوایی کردووە.