کە دەوڵەت پیر دەبێت!!

هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر هەولێر
هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر هەولێر

دەوڵەتیش یەکێکە لە پێکهاتە و بوون و ئامرازە کۆمەڵایەتییەکان. لە دایک دەبێت و گەشە دەکات و دووچاری نەخۆشی و قەیران و ڤایرۆسی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەروونی و ئەخلاقی دەبێت. دەوڵەت پیر دەبێت و نەخۆش دەکەوێت و ئیفلیج دەبێت، کە دووچاری شێرپەنجەی (دەسەڵات و تاکڕەویی و خۆسەپێنی و دابڕان و لە دەستدانی عەقڵانییەت و مەزهەبگەرایی و ئایدیۆلۆژیای رەتکردنەوەی ئەوانی دیکە لە ژێر کاریگەریی وەهمی دوژمن و رکابەرایەتی) دێت، نەخۆشییەکانی لێ پیس دەبێت و چاوەڕوانی شتی باشی لێ ناکرێت.

دەوڵەتیش هەیە لەڕێگەی (بیرکردنەوەی کراوە، هاوبەشیی لە دەسەڵات و بیرکردنەوە لە دەوڵەتی خزمەتگوزار نەک بەکارهێنانی دامەزراوەکانی بۆ بەرژەوەندیی کەسی و حزبی و ئایدیۆلۆژیی) لە رێگەی ئاڵوگۆڕی ئاشتەوایانەی دەسەڵات و حووکمڕانییەکی پێگەیشتوو، هەروەها تێگەیشتووی پسپۆر و تەکنیکار دەتوانێت تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە، وزە ببەخشێتە جومگە جیاوازەکانی و دەسەڵاتە جیاوازەکانی نێو دەوڵەت بپارێزێت، لەهەمان گاڤدا خۆپارێزیی لەجەنگ و داگیرکردن، پاراستنی یەکدەنگی نێوەخۆیی لە رێگەی گفتوگۆ و لێکگەیشتن پەرە پێبدات، نەک بەزۆر سەپاندنی بیروڕای کەمینەی خۆسەپێن و دەسەڵاتی توندوتیژی، ئەم دەوڵەتە دەتوانێت بەگەنجی بمێنێتەوە، کە دەزانێت نەخۆشییەکانی حوکمڕانەکانی دەبێتە مایەی نەخۆشییەکی بکوژ لە نێو دەوڵەتدا.

کۆماری ئیسلامی ئێران وەکو دەوڵەتێکی پیربوو، هەموو ئەو نیشانە و هێمایانەی لێ بەدیارکەوتووە، کە تووشی دەوڵەتی پیربوو دێت. ئێران لە پێناو پارێزگاریی لە باڵادەستی مەزهەبی شیعە جەنگیان گواستۆتە بۆ چەند دەوڵەتێک. ئابوورییەکی خراپی هەیە و داهاتی هاووڵاتییەکانی لە ئاستێکی نزم دایە و خەڵک تووڕەن. ئێران هێرش و پەلاماری سەربازی بەناوی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی دەکاتە سەر ئەو شوێنانەی دوور و بێلایەنن، نموونە هەرێمی کوردستان، لە هەمانکاتیشدا خۆ بێدەنگ کردن و خۆدزینەوە لە وەڵامی راستەوخۆی ئەو دەوڵەت و هێزانە پەیڕەو دەکات، کە ئەندامە باڵاکانی سوپای پاسداران دەکوژن و بەفڕۆکە هێرش دەکەنە نێو خاکی ئێران و زانای ئەتۆمیان لە نێو جەرگەی وڵات لێ دەکوژن و تەقینەوەی کۆمەڵکوژیان لە نێو ئێراندا دژ ئەنجام دەدەن.. تاد. ئەمانە نیشانەی پیربوونە لە (سیاسەت و ئیدارەدانی جەنگ و قەیران و ململانێکان و بەرگری لە وڵات و بوژاندنەوەی ئابووری و گەشەپێدانی توانای هاووڵاتیان لە دابینکردنی پێویستییەکانی ژیان و پاراستنی شیرازەی کۆمەڵایەتی. من هەمیشە گوێم لێبووە مەلایە دەسەڵاتدارەکانی ئێران بەمێشک و عەقڵێکی ژیرانە لەژێر پێچەکانی سەریان سیاسەت دەکەن.

دەسەڵاتدارەکانی ئێران پیربوون، دەوڵەت پیربووە، پێگە و هێزی ئێران لە ناوچەکە و ململانێی ناوچەکە بەخێرایی بەرەو پیری دەچێت، وەکو شێرە پیرەکە هێزە پاشکۆکانی خۆی وەکو راوچییەکی کارامە لە ناوچە گڕگرتووەکە بەکاردەهێنێت، بە مردنی راوچییەکان سۆزی زیاتر پەیدا دەکات و بە بەدەستهێنانی نێچیریش دەستکەوت پەیدا دەکات.

(سەدام حوسین) لە دوای داگیرکردنی کوێت وەکو ئەوەی ڤایرۆسی تووشبوون بە شێرپەنجەی هەڵگرتبێت، وەکو تۆقینەری وڵاتەکانی کەندوای عەرەبی هەڵسوکەوتی دەکرد و دەرکەوت هەر لەو کاتدا بەرەو پیربوونێکی خێرا چوو. لە کاتی نەخۆشیدا هێندە پیربوو، توانای بیستن و گوێگرتنی ئەوانی دیکەشی نەمابوو، بۆیە نەیدەتوانی ئامۆژگاریی هیچ کەسێک تێبگات، چونکە دەیگووت من ئەوەندە ئەزموونم لە تەمەنی خۆم وەرگرتووە، ناشکێم و پێویستم بە ئامۆژگاریی و راوێژی کەسیش نییە. ئەمە وایکرد نەک هەر سیستەم و حووکمڕانییەکەی تووشی پیربوون بکات، نەێر دەوڵەتەکە و سەرتاپای وڵاتیشی پیرکرد.

ئێرانییەکانیش پێ دەچێت تووشی هەمان ڤایرۆس و دەرد بووبن.. ڤایرۆسەکان جیاوازن، بەڵام نیشانەکانی پیربوون لەوەدەچێت هەمان شت و وەکو یەک بێت. ئەمانە لە کردەوەدا بەشێوەی یەک گروپ و یەک ئایدیۆلۆژیا و یەک بیروباوەڕ بێ بایەخدان بە (گفتوگۆ و ڕیزگرتنی جیاوازیی) حووکمی وڵات دەکەن، ئەم شێوازە دەوڵەت بەرەو پیریی و داتەپین و ئیفلیج بوون دەبات.

ئێران هێندە پیر بووە، ددانی خواردنی خۆراکی کوڵاوی نەرمی لەنێوەخۆی نەماوە، کەچی دەیەوێت گۆشتی کێشە پیربووەکان و مێژوویی و چیڕبووەکان لەدەرەوەی ئێران لە عێراق و سووریا و لوبنان و یەمەن و فەلەستین و پاکستان بەیەک پارووی بێ جووین بخوات.

هەموو دەسەڵاتێک پێویستی بەنوێبوونەوە و چارەسەر و چاکسازیی و پێداچوونەوە هەیە. ئێران (بەغدا و سووریا و لوبنان و یەمەن و فەلەستین و هەندێک ناوچەی دیکەی) کردۆتە گۆپاڵ و دەیەوێت بەم گۆپاڵە خواروخێچە بڕوات. واتە ئەم وڵاتانەی وەکو گۆچان دەوێت، نەک وەکو هێز و ریزلێگیراو و خاوەن پێگە و سەروەریی خۆیان. ئەو وەکو دەوڵەتێکی پیربوو دەیەوێت چارەسەری نەخۆشییەکانی لەدەرەوەی سنوور  و جەستەی خۆی بکات، لە کاتێکدا ئەو دەردە پیرییەی هەیەتی پەیوەندیی بەنێوەخۆی و نێو جەستەی خۆیەوە هەیە.

ئەمەریکا و ئەلمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا و ژاپۆن و کەنەدا و ئەوانی هاوشێوەن  بەهۆی هەمیشە و بەردەوام پێداچوونەوە بە سیستەم و دامەزراوەکانیان و نوێکردنەوەیان و ئاڵوگۆڕی ئاشتەوایی دەسەڵات لە نێوان حزبە سیاسیی و بەرنامە سیاسییە جیاوازەکان و پەرەپێدان و بوژانەوەی ئابووری و باشترکردنی داهاتی هاووڵاتی، بایەخدان بە پەردوەردەی زانستی و خوێندنی باڵا و توێژینەوە و دیپلۆماسیەتی بیناکردن و کرانەوە بەواتای گفتوگۆی نێوەخۆیی و ریزگرتنی دەرەکی دەتوانن پارێزگاری لە بەگەنج مانەوەی دەوڵەتەکانیان بکەن. دیارە هۆکاری دیکەش زۆرن، بەڵام هەنووکە خێرا و بەزوویی پیربوونی دەوڵەتەکانی رۆژهەڵات دەبینین، باشتر بۆمان روون دەبێتەوە ئەو دەوڵەتانە چۆن پارێزگاریی لە تەمەن و هێز و کاریگەریی خۆیان دەکەن و قەیرانەکان مەترسیدارن.

نیشانەی نەخۆشیی پیری ئێران دەرکەوتووە و بەئاشکراش دەبینرێت چۆن ڤایرۆسەکانی خەریکە دەپەڕێتەوە نێو جەستەی وڵاتەکانی ناوچەکە، بۆیە ئەم جۆرە پیربوونە کاتەکانی چارەسەری بەسەرچووە، پێویستی بە گۆڕستانێکە بۆ ئەوەی دوای ناشتنی تەرمی دەوڵەتە نەخۆشەکە ڤایرۆسەکانی لە نێو کۆمەڵگەی سیاسی نەمێنێت. ئێمە دەزانین چەندین ساڵ بەر لە ئێستا چاکسازیخوازەکانی ناو ئێران کۆشان چارەسەری هۆکارەکانی پیربوونی دەسەڵات و سیستەمی دەوڵەت بکەن، بەڵام بەهێز رێگەیان لێگرتن. هیچ کاتێک بۆ چارەسەری نەخۆشی درەنگ نییە، بەڵام پیربوون دەرمانی نییە.ئەەگر سیستەم و حکوومڕان پیر بێت، دەکرێت بە گۆڕانکاریی و چاکسازیی و گۆڕینی هێزە  هێزدارەکان چارەسەر بکرێت، بەڵام کە دەوڵەت بیر دەبێت، چارەسەرکەی جیاوازە. بوونی دەوڵەتی پیری بەهێز و گەورە و خاوەن هێز جێگەی پرسیارە!!.