
غازی حەسەن
نووسەر
بایدن و ترەمپ لەبەر هەندێک ئەنجام دەیانەوێت سەرۆکی وڵات بن

مەسەلەکە لێرە پێچەوانەیە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لەبەر هەندێک (هۆکار) نا، بەڵکو لەبەر هەندێک (ئەنجام) دەیانەوێت سەرۆکی وڵات بن و ڕکابەرەکەیان بخەنە گۆشەیەک، مایەی بەزەیی بێت. ئەم ئەنجامەیە وایکردووە سەرتاپای پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن و دەنگدان و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و ئەنجامەکان جیاواز بن. بێگومان هیچ گریمانەیەکی بەراوردکاری لەگەڵ هەڵبژاردنی بەرپرسەکانی ڕۆژهەڵات و وڵاتێکی وەکو ڕووسیا و چین و حکوومەتەکانی ئاسیا و ئەفریقیا ناکەین. ئەنجام لای (ترەمپ) ئەوەیە سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا خراپی کردووە، توانای عەقڵی و بیرهاتنەوەی لاوازە، ئابووری وڵات و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی تێکداوە. (بایدن)یش لەو ئەنجامە دەدوێت کە سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا (ئاژاوە دەگێڕێت و شەڕانگێزە و هەڕەشەیە بۆ سەر دیموکراسی). ئەمانە ئەنجامن، هۆکار نین. لەم گفتوگۆیەی لە شەوی پێنجشەممەی ٢٨حوزەیرانی ٢٠٢٤ کردیان، قسەیان هەمووی لەسەر ئەنجام بوو.
یەکەم دیدارە مێدیاییەکەی نێوان (بایدن و ترەمپ) قسەکردن و هێرش و ڕەخنە بوو لەسەر ئەنجامی سیاسەت و ئیدارە و کێشە و قەیرانە جددییەکانی نێو ئەمەریکا و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کێشە و قەیران و وڵاتەکانی دونیا. (ترەمپ) لەبەر هەندێک لەو ئەنجامانەی (بایدن) پێی گەیشتووە لەبارەی (هەڵاوسانی ئابووری، ستراتیژی هاوکای جەنگی ئۆکرەین، ململانێ لەگەڵ چین، قسەکردن لەسەر مافی لەباربردنی کۆرپە و تێڕوانینە جیاوازەکان و کێشەی کۆچبەران و کۆنترۆڵی سنووری مەکسیکۆ... تاد) وەکو ئاگر ڕەخنەی دەگرت، هێندەی هێرشکردە سەر ئیدارەی بایدن، هیچی تێدا نەهێشتەوە. وایلێهات ڕۆژنامەنووسێک لەیەکێک لەکەناڵە ئەمەریکییەکان بڵێت "قسەکانی ترەمپ وەکو زبڵ و خاشاک بوون".
(ترەمپ) ڕەخنەی توندی لە (بایدن) گرت و بە فاشل وەسفی کرد، (بایدن)یش پێی گوت درۆ دەکات و شتەکان بەم جۆرە نییە. ئەمەش لەئەنجامی ئەو ئەنجامە دێت کە لەچوار ساڵی ڕابردوو لەنێو بازنەی ململانێیەکی تووندا دەخولێتەوە و (ترەمپ) لەهەمان گاڤدا دەیەوێت ئەنجامێکی جیاوازتر لەواقیعی ئێستا بەدەست بهێنێت، کە چوار ساڵە بەردەوام لەبەردەم دەرگای دادگایە و ڕاگەیاندن ئەویان کردۆتە کارەکتەرێکی تاوانبار.
لە ڕاپرسییەکی کەناڵی ئەی بی سی ئەمەریکی لە یەکەمین ڕۆژی دوای دیدارەکە دەرکەوتووە ٣.٦ لە هاووڵاتییانی بەشدار لە ڕاپرسییەکە (ترەمپ)یان بە سەرکەوتووتر داناوە و ١.٩٩ش (بایدن)یان پێ سەرکەوتوو بووە. ئەم ژمارانە لە کردەوەدا نیشانە و هێمان بۆ ئەنجامێکی خراپ بۆ دیموکراتەکان و بە هەقیقیش ڕەنگدانەوەی مەزاج و هەست و بیروباوەڕی هاووڵاتییانە. لە ڕاستیشدا بەپێی لێکدانەوەی هەموو ڕاگەیاندنەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا، (ترەمپ) توانی باشتر و گونجاوتر لە (بایدن) لەئامانجەکانی نزیک بێتەوە.
بازاڕی مێدیای ئەمەریکا لە دوای ئەم دیبەیتە گەرمە، لە ڕوانگە و سەرچاوەی جیاوازەوە هەڵسەنگاندن بۆ دەرەنجامی شێوازی گفتوگۆ و زانیاریی و گوتار و توانای هەر یەکێک لەم دوو کاندیدە لە دیدارەکە دەکەن، هەموویان کۆکن، تەنیا خودی حزبی دیموکراتیش ئەوە ناشارێتەوە کە ترسیان هەیە (بایدن) لە کۆتاییدا شەرمەزاریان بکات و کۆشکی سپی بۆ پاساوهێنانەوە گوتی"بایدن لەکاتی دیبەتەکەدا سەرمایی بوو".
(بایدن) هەفەتەیەکە ڕاهێنانی بۆ ئەم دیدارە ڕاستەوخۆیە کردووە، بەڵام وەکو ئەوە دەرنەچوو، کە دیموکراتەکان دەیانووسی. لەهەمان کاتدا لە کردەوەدا "ترەمپ وەکو مۆتەکەی بایدن دەردەکەوت".
ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات، (ترەمپ) دەتوانێت لەم پیاوە (پیرە، خەوتە بباتەوە. هەموو جارێک ترەمپ بەم شێوەیە وەسفی دەکات). بڕان لە قسە و وەستان لە ناوەڕاستی قسەکردن، وەکو نیشانەیەکی لاواز و خراپی (بایدن) وەسف دەکرێت، لەکردەوەشدا ئەنجام گرنگە، قسەکردن لەسەر ئەنجامەکان گرنگە. ڕۆژێک دوای دیدارەکە (بایدن) لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەری گوتی"من دەزانم چۆن شتەکان بەڕاستی و دروستی بڵێم، مەبەستی ڕاستگۆیی بوو". ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی (ترەمپ) پیاوێکی درۆزنە و قسەی ڕاست ناکات و چەند جارێکیش لەگفتوگۆ و وەڵامی پرسیارەکاندا، ترەمپ زانیاریی هەڵەی لەبارەی کۆچبەران و کوشتنی منداڵ لەلایەن دیموکراتەکانەوە بەسەر زاریدا هات.
لەنێو دیدارەکەدا (بایدن) ئەو کاتەی لەبارەی تەندروستی دەئاخڤێت، قسەکانی پچڕان و وەستانی تێدابوو، (ترەمپ)یش زیرەکانە وەکو قسەکەرێکی شارەزا، کە زۆر حەزی لە نمایش و کاری تەلەڤزیۆنییە، گوتی "هیچ لە دواین ڕستەکانی بایدن نەگەیشتم". ئەم پلارە بۆتە خاڵیكی زۆر لاوازی (بایدن).
لەیەکەم ڕۆژی دوای دیدارەکە لەکۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا (ترەمپ) دەبێژێت: "بایدن هەفەتەیەک ڕاهێنانی کرد، بەڵام نازانێت چی دەکات و دەڵێت". شەڕەکە بە قسە و گفتوگۆ و زار و بڵاوکردنەوەی زانیاریی لەدژی یەکترە و ئامانج قسەکردنە لەسەر ئەنجامەکان بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی نوێ کە بریتییە لە (بردنەوە و دۆڕان). ئەمە نەریتێكی باوی سیاسی و دەستوورییە لە ئەمەریکا پەیڕەو دەکرێت، کاندێدەکان قسەی خۆیان دەکەن، دەچنە ناخی هەموو شتێک، ڕەخنەدەگرن، بەرنامەی خۆیان و ئەفکار و بۆچوونەکانیان دەبێژن و لەهەندێک بواردا گاڵتە و نوکتە و قسەی ڕەق و نەشیاویش دەکەن، بەڵام سنووری یاسایی نابەزێنن. واتا ناگاتە ئەوەی وشە بگۆڕن بۆ هێز، ئەوان پشت بە هێزی وشە و گوتارێکی بەهێزی بەکردەوەی کاریگەر و نمایشێکی سەرکەتوو لەپێناو بەدەستهێنانی متمانە دەبەستن بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کەسایەتی شیاو و سەرکەوتوویان هەیە، ئەمەش لەکردەوەدا گوتاری قسەکردنە لەبارەی ئەنجام بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی دیکەی باشتر و کاریگەرتر، کە ئەویش بردنەوەیە.