
غازی حەسەن
نووسەر
میدیای ئەمەریکی: کاک بایدن پیاوی چاک بە واز بێنە!!

دوای یەکەم دیداری ڕاستەوخۆی نێوان (بایدن و ترەمپ) لەجیاتی ئەوەی دیموکراتەکان ترەمپی شەڕاوی ئاگر بدەن، خەریکە بەهۆی لاوازیی و سستی و لە وزە کەوتنی بایدنە فەندی ئاگرەکە خۆیان بگرێتەوە. مەبەستم ئاگری (کۆکردنەوە و لەدەستدانی دەنگدەرە).
ئێستا گفتوگۆ و ئەگەر و مەگەر کەوتۆتە نێو خودی حزبی دیموکرات و قسە لەسەر ئەوە دەکەن، ئایا پێویستە (بایدن) لە هەڵبژاردن خۆی بکێشێنێتەوە، یان مانەوەی کارێکی پێویستە؟ لەئەگەری نەمانی چ جۆرە ئاژاوە و گرفت و قەیرانێكیان تووش دەبێت؟.
لێدوان و زانیاریی و لێکدانەوە و گوتاری هەمەجۆر لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەمەریکا لەبارەی گوتاری هەردوو کاندیدا بڵاو دەکرێنەوە. بەرپرسانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی (بایدن) ڕایانگەیاندووە، کە "هیچ ئاژاوەیەک ڕوونادات و کشانەوەی بایدن وا دەکات بەلاوازی ڕووبەڕووی ترەمپ ببینەوە". (ڕۆب فلاهیرتی) جێگری هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی بایدن بە کەناڵی (ئەی بی سی) گوتووە: "کشانەوەی بایدن باشترین ڕێگەیە بۆ ئەوەی ترەمپ بباتەوە و ئێمەش بدۆڕێین". واتا لایەنگرانی و ستافی کاری سەرۆکی ئەمەریکا دەیانەوێت کشانەوەی کاندێدی دیموکراتەکان بە دۆڕان بەرانبەر (ترەمپ) ببەستنەوە، لەکاتێکدا دیموکراتەکان چەند ساڵێکە هەموو توانای خۆیان بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی ڕێگەی خۆ کاندێدیی لەسەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بگرن و دادگا سزایەکی بدات بیکاتە پەندی مێژوو. بۆ بەختی دیموکراتەکان دادگا ڕۆژی دووشەممە 1ـی تەمموزی 2024 بڕیاری "هەڵنەگرتنی پارێزبەندی لەقازانجی ترەمپ دا". هەرچەندە لەسیاسەت شتی چاوەڕوان نەکراو زۆرە.
دۆزەکە هەنووکە گەیشتۆتە شوێنێک، دیموکراتەکان وەکو ئەوەی مسۆگەر بن (بایدن) ناباتەوە، هەندێکیان بەنیگەرانییەوە داوای گۆڕین و خۆکشانەوە لە (بایدن) لە ڕکابەری هەڵبژاردن دەکەن.
ڕۆژنامەی (نیۆیۆرک تایمز) لە هەڵبژاردنی 2020 پاڵپشتی (بایدن)ی کرد، هەنووکە ڕاشکاوانە داوای کردووە و دەبێژێت: "سەرۆک بایدن، سەرۆکێکی یەکجار باشە، بەڵام گەورەترین خزمەت ئەوەیە بەڕێز بایدن ڕای بگەیەنێت، لەخۆ کاندیداکردن بەردەوام نابێت".
سەرۆکی ئەمەریکاش پێداگرە لەسەر بەردەوامبوونی لەململانێ و ڕکابەری و گوتیەتی: "ئەگەر نەزانم دەبەمەوە، خۆم هەڵنەدەبژاردەوە".
لە ڕاپرسییەکی (Morning Consult ) کە ماڵپەڕی (ئێکسیوس) بڵاوی کردۆتەوە لە 60% دەنگدەران پێیان وایە باشترە (بایدن) بکێشێتەوە. دەبێت ئاماژە بەوەش بکەین لەکۆی 4000 ئەندامی کۆنگرەی دیموکراتەکان 3900 ئەندام پاڵپشتی خۆ کاندێدکردنەوەی (بایدن)ی کردووە، ئەمەش وایکردووە لەڕووی دەستووری حزبییەوە (بایدن) دەنگی لەتێری بێت و پێداگربێت لەبەردەوامبوون و دوای دیدارەکەش کەوتنە بەر ڕەخنە لەئەنجامی خراپیی گفتوگۆ و شێوازی مردوو و ساردوسڕی نێو دیدارە راستەوخۆکە، بەدەنگێکی بەرز گوتی: "گوێبگرن بەردەوام دەبم" و خێزانەکەیشی هانی دەدەن بەردەوام بێت. ئەو وەکو ئەوەی داکۆکی لەخۆی بکات و هەست بەلاوازی خۆشی لەهەمان کات بکات، دەبێژێت" وەکو پێشوو سارد نابم، بەڵام دەزانم چۆن هەقیقەت بڵێم".
بەو واتایەی خۆشی دەزانێت شێوازی ڕاپەڕاندنی گوتارەکەی، تەکنیکی دەربڕین و گوزارشت و خستنەڕووی بابەت و ساخکردنەوەی شتەکان لاوازتر لەلاواز بووە، بەڵام ئەو دەیەوێت ئاماژە بە ئەخلاق و ڕاستگۆیی بکات و بە ڕای گشتی ئەمەریکا دەڵێت: ئەو لای گرنگە "درۆزن نەبێت" و "هەقیقەت بڵێت".
گوتاری ترەمپ پشت بە 'هێرش، بروابەخۆبوون، خۆڕاگری، هەڵسانەوەی ئەمەریکا، شانازیی کردن بەوەی ئەمەریکییە" دەبەستێت. ئەو هێرشبەرە و گوتاری (بایدن)یش "داکۆکیی لەخۆی و کارەکانی و شیکردنەوە و گوتنی هەقیقەتە و داکۆییە لە خۆی و کارەکانی" و وەکو پێویست بەهێز نییە تا دەڵێت: "دەتوانم ڕاستی لە هەڵە جیابکەمەوە، دەتوانم کاروبارەکان دەستەبەر بکەم، دەزانم چۆن شتەکان ڕاپەڕێنم، میلۆنان ئەمەریکیی ئەوە دەزانن کە کەوتیت سەرلەنوێ هەڵدەستیتەوە".
مەبەستم شێواز و تەکنیکی گوتاری ئەم دوو لایەنە دیموکراتەکان و کۆمارییەکانە، بێگومان هیچ کاتێک هێز و لۆژیکی گوتاری لایەنێک کە دەسەڵاتی بەدەستەوە بێت، وەکو هێز و لۆژیکی گوتاری ئەو لایەنە نابێت، کە لەدەرەوەی دەسەڵاتە و لایەنێکە دەیەوێت شوێنی حزبە ڕکابەرەکەی لەدەسەڵات وەرگرێت. لاوازی سەرۆکی هەنووکەی ئەمەریکا هەر تەنیا لەلاوازیی و داوەشانیی و پچڕپچڕی قرچۆکی لەقسەکردن و خاوەخاوی قسەکانی نییە، بەڵکو ناتوانێت وەکو پێویست داکۆکی لە دەستکەوتەکانی چوار ساڵی حووکمڕانی خۆشی بکات. ناهەقیش نییە خەریکە لەنێوەخۆی دیموکراتەکانیش گومان دروست دەبێت و فشاری دژ دروست دەکەن، ئەو ڕۆژنامە و میدیایەی پێشتر پاڵپشتیان کردووە، نووکە دەبێژن "سەرۆک چەندە باشیش بیت، وازبێنە، پیاوی چاک بە".
دەتوانم بڵێم، سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا لەبەردەم ڕەشەبایەکی تووندی ڕەخنەیە، گومانی زۆری خستۆتە سەر توانا و لێهاتوویی خۆی لە ڕاپەڕاندنی گوتارە سیاسییەکەی لە پرۆسەی هەڵمەتی هەڵبژاردن. گوێگرتن لە خەڵک سەرکەوتنە، نەک گوێگرتن لە ئامانجی کەسی و حەز و خواستی خۆت، تەنیا متمانە بەخۆبوون نابێتە پاڵپشت بۆ سەرکەوتنی گوتارێکی بێهێز. ڕاستە ئەو بکەوێت دەتوانێت هەڵبستێتەوە، بەڵام ناتوانێت جارێکی دیکە ڕکابەری هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بکاتەوە. کەوتنی ئەو کەوتنی ئەمجارەی دیموکراتەکانیشە، دەبێت چوار ساڵی دیکە چاوەڕێ بن. گریمانەی ئەوە دەکرێت بردنەوەی (ترەمپ) ببێتە فروانبوونی سیاسەت و فکرە و بۆچوونەکانی (ترەمپیزم) لەسەرلەنوێ پێداچوونەوە بەپەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئابووری و پێکهاتە نێوەخۆییەکانی ئەمەریکا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ململانێ جیهانییەکانیش.