
غازی حەسەن
نووسەر
گوتاری سەرۆک وەزیرانی نوێی بەریتانیا "یەکخستنەوەی وڵاتە"

ئایا بەڕاست لیبرال و دیموکراتەکان، بوونەتە مۆتەکە و سەرچاوەی دابەشکردنی وڵات، لەتکردنی کەسایەتی هاووڵاتی و دابەشکردنی تاک، یان ئەوان دەیانەوێت کرانەوەی کۆمەڵگە و ئازادیی تاک فرە و کاریگەرتر بکەن. ئازادی ئایین و سێکس و لەباردنی کۆرپە و بایەخدان بەپرۆژە و بزاڤە ئابوورییە بچووکەکان و بایەخدان بەچینی ناوەڕاست کارا بکەن. لەبەرانبەریشدا، هێزە نوێیە نەریتییە ڕکابەرەکە ئەم ئاراستەیە بەهۆکار دەزانێت بۆ (کێشەی کۆچبەران) و (جەنگی ڕوسیا و ئۆکرەین و ململانێی نێو دەوڵەتی) و (خراپبوونی نادادیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و دابەزینی توانای دابینکردنی پێویستییەکانی ژیان) و (دابەشبوونی وڵات) و چەندین گرفتی دیکە.
لەیەکەم هەواڵی ڕاسپاردنی "کیەر ستامەر، لە دایکبووی ١٩٦٢ی لەندەن، باوکی لە کارگەی دروستکردنی کەلوپەل کاری کردووە و دایکیشی پەرستار بووە. یەکەم ئەندامی خێزانەکەیەتی، کە چۆتە کۆلیژ و لە یاسا خوێندوویەتی و خوێندنی باڵای لە زانکۆی ئۆکسفۆرد تەواو کردووە، وەکو پارێزەر کاری کردووە، هەندێک کەیسی هەستیاری دژی کۆمپانیای (شل) و (میکدانۆز) سەرپەرشتی کردووە، ئەم زانیاریانە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی جیهانی وەرگیراون.
لەڕۆژی ٥ تەموزی ٢٠٢٤ لە یەکەمین گوتاریدا (ستامەر) ڕایگەیاند لەلایەن (شا چارلزی سێیەمەوە) بەفەرمی بۆ پێکهێنانی وەزارەت ڕاسپێردراوە و گوتی: "بێ متمانەیی خەڵکەکەمان تەنیا بە کردار چاک دەبێتەوە. ژێرخانی دەرفەتەکان بۆ چینی کرێکاران بونیات دەنێینەوە. لە هەنووکە بەدواوە، حکوومەتێکتان دەبێت، کە خۆی بۆ خزمەتکردنتان تەرخان دەکات و وڵاتەکەمان یەک دەخەینەوە و بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵ دەبین".
ئەمە گوتاری یەکەم ساتی هەنگاوی بەرایی (ستامەر)ە و گوتارەکەی چەند کردەیەک و پەیام و ستراتیجیی سیاسی بنەڕەتی لەخۆ دەگرێت و لەچەند ئامانجێک دەدوێت: (متمانە بەخەڵک)، (بەکردار کارکردن)، (ژێرخانی ئابووری پەیوەست بەکرێکاران بونیاد دەنێنەوە)، (حکوومەت خزمەتکارە)، (یەکخستنەوەی وڵات) و (سەرکەوتن بەسەر ئاستەنگەکان).
لەم سەردەمەدا ئەم جۆرە گوتارە لەزۆر وڵاتی دونیا، تەنیا لە ڕۆژهەڵاتیشدا دەبیستین و لەنێو گوتارە گەرموگوڕەکاندا بەکار دێت، کە جۆرێک لە هاوبەشی لە گوتاری سیاسی و تێڕوانین و لەیەکچوون و یەکبچمی قەیرانەکان و کێشەی ئابووری و چینە کۆمەڵایەتییە وەبەرهێنەکان و لاوازبوونی متمانەی خەڵکەوە هەیە.
پارتی کرێکاران لەم هەڵبژاردنە توانی دەسەڵاتی ١٤ ساڵەی پارێزگارەکان بگۆڕێت، پارتی کرێکاران بۆچوونی چەپخوازانەی کرێکاریی هەیە و ئەمجار توانی ١٧٤ کورسی بەدەست بهێنێت. (ستامەر) مێژووێکی دوور و درێژی لەنێو سیاسەت نییە و خێرا لەم بوارە ناوی دەرکەوت، بەڵام بە دروشمی (گۆڕان) توانی جارێکی دیکە پارتی کرێکاران بهێنێتەوە پێشەنگ. نابێت لەبیری بکەین دۆڕانی پارتی پارێزگارەکان پەیوەندی بە (بەرزبوونەوەی نرخ و خراپبوونی پێویستی ژیان و دابەزینی ئاستی خزمەتگوزاری و ژمارەیەک کاری ئابڕووچوونەوە) هەیە.
ئەوروپا بەگشتی، بەرەو گۆڕانە و ئاماژەکان ئەو نیشان دەدەن، کە ڕاستڕەوی تونداژۆ لەهەڵکشانە، گەشەکردنی چەپی نوێ یەکێکە لەو ئەگەرانەی وەکو ئەلتەرناتیڤێکی نوێ ئەگەر لاوازیش بێت بۆ شوێنگرەوەی سیاسی لیبرال و لیبرال دیموکراتەکان سەیر بکرێت، بەتایبەتی بۆ چارەی قەیران و گرفتە (ئابوورییەکان و سەختی ژیان و گرانبوونی نرخ و ئاژاوە و تێکچوونی دۆخی کۆمەڵایەتی.. تاد). ئاماژەکانی ململانێی هەڵبژاردن لە ئەمەریکا ئەوە نیشان دەدەن، کە (ترەمپیزم) وەکو ئاراستەیەکی توندڕەو لەگەشەکردنە و (ترەمپ)یش دروشمی یەکخستنەوە و هەڵسانەوەی ئەمەریکای هەیە.
لە ڕۆژهەڵاتیشدا ئەم قەیران و گرفتە زەق و ئاڵۆزانە بەدی دەکرێت، کە هەندێکیان کتومت هاوبەشن و لەیەکدەچن، لەوانە: (نەمانی متمانەی خەڵک، لاوازبوونی متمانە لەنێوان خەڵک و دەسەڵات)، (دابەشبوونی نیشتمان بەسەر هێزە سیاسی و خێلەکی و مەزهەبی و هێزە پاڵپشتیکراوە ناوچەییەکان)، (بەرزبوونەوەی نرخ و گەشەنەکردنی داهاتی تاک لەچاو بەرزبوونەوەی نرخی خەرجییەکان)، (حکوومەتەکان ڕووبەڕووی ژمارەیەکی زۆری کردەی ئابڕووچوون و گەندەڵین)، (ئاستی خزمەتگوزاری گشتی لەبواری تەندروستی و پەروەردە و بیناکردن و چاکسازیی لە دابەزینە).
خشتەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بەگشتی ڕووەو داڕشتنەوە و دەرکەوتنی هێزێکی نوێن، کە ئەو هێزە پتر وەکو هێزی دوای سیاسەتی گلۆبالیزم و سیاسەتی دوای باڵادەستی ئەمەریکا و بەرهەمی قەیرانە ئابوورییەکان و جەنگی سێیەمی ڕانەگەینراون. لەهەمان کاتدا من ناوی لێ دەنێم هێزی نوێی دوای "پیربوونی دەوڵەت و دەسەڵات و هێزە حووکمڕانەکان".