لە چرکەی تەقەکردنەکە، (ترەمپ) دەبێتە هێمای بەرەنگاربوونەوە..!

لە چرکەی تەقەکردنەکە، (ترەمپ) دەبێتە هێمای بەرەنگاربوونەوە..!
لە چرکەی تەقەکردنەکە، (ترەمپ) دەبێتە هێمای بەرەنگاربوونەوە..!

لە ئێوارەی 13 تەممووزی 2024 لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەری لە شاری (باتلەر) لە ویلایەتی پەنسلڤانیا (دۆنالد ترەمپ)ی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و ڕکابەری (جۆو بادین) بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە کردەیەکی تیرۆر بە ڕێکەوت ڕزگاری بوو.

تەقەکە بە ئاستەم سەری گوێی ڕاستی گرت و هەندێک خوێن پەڕییە سەر دەموچاوی و هێزی پاراستن یەکسەر خۆیان بەسەر (ترەمپ)دا دا، بۆ ئەوەی لەمەترسی تەقەکردنی دیکەی قەناس بەدەستەکان بیپارێزن. ئەوەی ڕووی دا، ئاسایی نییە؛ بەشێکە لە بەکارهێنانی توندوتیژی سیاسی.   

لە دیداری یەکەم لە (بایدن) باشتر بوو، ئەمەش وای کرد پێگەی جەماوەریی بەرز بێتەوە و لەهەمان کاتدا ناکۆکیش بخاتە نێو خودی حزبی دیموکرات. کار گەیشتۆتە ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی توانا و بێتوانایی نوێنەرەکەیان بۆ کاندیدای سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بکەن، بە کردەیی، ئەم تەقەکردنەش قووڕەکە خەستر دەکاتەوە، نزیکەی چوار ساڵە دەیانەوێت لەڕێگەی دادگاوە (ترەمپ) فڕی بدەنە دەرەوەی مێژووی سیاسی، ئەوە غافڵکوژیشی هاتە سەر.

ڕووداوەکە، زۆر لە فیلمی سینەمایی هۆلیوود دەچێت، ئەمە مادەیەکی گرنگی فیلمێکە و دوور نییە لە ئایندەیەکی نزیک چیرۆکی (ترەمپ) و (ترەمپیزم) و چیرۆکی دادگایی و پارە و ئابڕووچوونەکان و ڕەفتارە کۆمیدیی و سەرنجڕاکێشەکانی و ئەم کردە تیرۆریستییە وەکو ڕووداوێکی مێژوویی هاوچەرخی ئەمەریکا بکرێتە فیلم.

لەو چرکەیەی تەقە لە (ترەمپ) کراوە، مێدیاکانی ئەمەریکا قسە دەکەن و شیکاری دۆخەکە و هۆ و کاردانەوە و ئەنجامەکان دەکەن. (بایدن) پەیوەندیی بە (ترەمپ) کردووە و قسەی لەگەڵ کردووە و گوتی: سوپاسگوزارم کە سەلامەتە و نزا بۆ خۆی و خیزانەکەی و هەموو ئەوانەی لە گردبوونەوەکە ئامادەبوون، دەکەم. گوتیشی (من و جێلی هاوسەرم) سوپاسی دەزگای نهێنی دەکەین، کە کاریبوون (ترەمپ) بگەیننە شوێنێکی سەلامەت و پارێزراو. بەیانی و دووبەیانی کاردانەوەکان پتر دەبن، کێشەکان قووڵتر دەبنەوە و دوور نییە ئەم غافلکوژییە بەخێر، خێرێکی ڕەچاونەکراو بۆ (ترەمپ) بگەڕێتەوە و کێرڤی لایەنگرانی بەرز بکاتەوە و کۆمارییەکان، کە دەبێت لە کۆنفراسی خۆیان دوا بڕیار لەبارەی کاندێدەکەیان بدەن، بە هێز و گوڕێکی پترەوە پاڵپشتی نوێنەرەکەیان بکەن.

هەر دوای ڕووداوەکە (ترەمپ) لەڕێگەی تروس سۆشیال مێدیا لە بروسکە گوتارێکی کورتدا قسەی بۆ لایەنگرانی خۆی کرد و گوتی: "لەتەک سوپاسی هێزی نهێنیی، سوپاسی جێبەجێکردنی یاسای بەم شێوەیە خێرایە دەکەم، سەرباری هاوخەمیم بۆ ئەوانەی بوونە قوربانی و بریندار بوون. خەمتان نەبێت دەچمە (میلواکیی) بۆ بەشداری لە کۆنفرانسی نیشتمانی کۆمارییەکان".

دوای ئەوەی لە گولـلەیەکی قەناس بەدەستە بکوژەکە ڕزگاری بوو، لەیەکەمین کاردانەوەدا کە هێشتا لە ژێر هێزی نهێنی پارێز بوو، قیتکرایەوە و خێرا مشتی  گوشراوی خۆی بەرز کردە و قسەی کرد. ئەمەش وەکو هێمایەک بۆ بەردەوامی و خۆڕاگریی. ئەم مشتە گوشراوەی کە بەرزی کردەوە، دەمێکە وەکو "هێما و نیشانەی بەرەنگاربوونەوەی ستەم، یان دەسەڵات و نیشانەی سەرکەوتن" بەکار دێت. وێنەگرێک لەو ساتەدا، لەم چرکە مێژووییەدا وێنەیەکی پیاوە ڕزگاربووەکە لە مردنێکی هەقیقی دەگرێت، کە (ئاڵایەکی ئەمەریکا لە پشتی هەڵواسراوە) و ئەم وێنەیە ماڵپەرەکانی سۆشیال مێدیای داگیرکرد، وەکو لافاو بڵاو بۆوە.

گۆڤاری بەنێوبانگی (نیوزویکی ئەمەریکی) ئاماژەی بەم حاڵەتە کردووە. (جۆنیۆر دۆنالد ترەمپ بڵاوی کردەوە کە "هەرگیز لە شەڕکردن بۆ ڕزگاری ئەمەریکا ناوەستێت" و (ئێریک ترەمپ)یش کە وێنەکەی لە (ئێکس) بڵاوکردۆتەوە، نووسیویەتی "ئەمە ئەو شەڕەیە، کە ئەمەریکا پێویستییەتی".

دوو ڕۆژی دیکە کۆنفرانسی نیشتمانی کۆمارییەکان دەست پێ دەکات و بێگومان ئەمە دەبێتە دەرفەتێکی زێڕین تاکو (ترەمپ) بە گوتاری ئاگرین سۆز و عەقڵ و دڵی لایەنگرانی پارتی کۆماری پتر بەلای خۆیدا ڕابکێشێت.

لە ڕاسیدا تەقەکردنەکە دوور نییە (ترەمپ) بکاتە هێما و نیشانەیەکی سیاسی بە‌هێز بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیموکراتەکان، یان ببێتە پاڵەوانێکی ڕاستەقینە و گوتاری (ئەمەریکا لە ستەم و زۆرداری دیموکراتەکان) ڕزگار بکەن، فراوانتر بکرێت.

هەڵبڕینی دەستی بەم شێوەیە، وەک ئایکۆن و هێمایەکی بەهێز بۆ ڕەتکردنەوەی سیاسەتی (بایدن) و سەرکەوتن بەکاردێت. دوورنییە ڕووداوێکی لەم جۆرە خزمەتێکی زۆری (ترەمپ) لە زۆر بواری وەکو کێشەی دادگا و بەدەستهێنانی متمانەی تەواوی کۆمارییەکان و ڕاکێشانی پتری دەنگدەر بکات.

(بایدن) لە یەکەمین کاردانەوەدا گوتی "با هەموومان لەپێناو بەهێز هێشتنەوەی ئەمەریکا یەکدەنگ بین" و نزیکەکانی (ترەمپ)یش دەڵێن (ئەمە ئەو شەڕە پێویستەیە، کە ترەمپ لەپێناو ئەمەریکا دەیکات". غافڵکوژییەکە هێزی پتر دەداتە (ترەمپ) بۆ ئەوەی گوتاری هێرشبەر و تێکشێنەری بە خوڕتر ڕاپەرێنێت و ئەمە (بایدن) دەخاتە کەشێکی خراپ، کە دەبێت هێزی داکۆکی و ڕوونکردنەوە و ڕەتکردنەوەی توندوتیژی سیاسی زۆرتر بکات، لە هەڵبژاردنیش هەڵبژاردنی هێزی داکۆکی جۆرێکە لە مردن و دۆڕان.