ڕاستکردنەوەی ئاراستەی پەیوەندییەکانی حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان

ڕاستکردنەوەی ئاراستەی پەیوەندییەکانی حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان
ڕاستکردنەوەی ئاراستەی پەیوەندییەکانی حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پرسەکانی پەیوەست بە دانوستانەکان پەیامێکی ڕوونی ئاراستەی حکوومەتی فیدراڵ کرد.

وەک ئاشکرایە ئەمە یەکەم جار نییە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پەیامی لەو شێوەیە بۆ دەسەڵاتدارانی بەغدا بنێرێت و ئاماژە بەسەرجەم ئەو زوڵم و ستەمانە بکات، کە حکوومەتی فیدراڵ دەرهەق بە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان دەیکات، بەتایبەتی شایستە داراییەکانی هەرێم له بودجەی فیدراڵیدا، ئەوەی پەیوەندی بە مووچەی فەرمانبەرانەوە هەیە لە کەرتی گشتییەوە، حکوومەتی فیدراڵ ئامادە نییە ڕەوانەی هەرێمی بکات، که ئەمەش ڕێک پێچەوانەی بنەما دەستوورییەکانە، بەڵکو پێشتریش مەسرور بارزانی هەمیشە داواکاریی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستانی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی حکوومەتی فیدراڵ کردووە، کەچی لەبەرامبەردا ئەمەی دووەمیان پابەند نەبووە و ئامادە نەبووە داواکارییەکانی گەلی کوردستان جێ بەجێ بکات، کە بەشێکن لە پێکهاتەی سەرەکی و بنەڕەتی گەلی عێراق.

دیارە بانگەواز و داواکارییەکانی بەردەوامی مەسرور بارزانی بۆ  بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان بۆ دەسەڵاتدارانی بەغدا، تەنها لە ڕێگای پەیام نەبووە، بەڵکو بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە کۆبوونەوەی فراوانی دووقۆڵی نێوان ئەنجوومەنی ئابووری حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوودا، کەخۆم یەکێک بووم لە ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە، وتارێکی مێژوویی ئاراستەی ئامادەبووان  کرد و پێی گوتن (هیواخوازبووم ئەمڕۆ لەم کۆبوونەوەیە باسی بابەتی مانگی دەستکردمان کردبا لە عێراق کە چۆن بەرە و بۆشایی ئاسمان هەڵدەدرێت و دەچێتە مەریخ، کەچی بەداخەوە هەوڵ دەدەن چۆن مووچە و دەرامەت و قوتی ئەو خەڵکە نەدەن). 

ڕوونی و ئاشکرایی لە پەیامەکەی مەسرور بارزانیدا بە دڵنیاییەوە ڕاستکردنەوەی جۆری پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لایە لەسەر ئاراستەیەکی دروست، پەیوەندییەک کە ناکۆکی و ئالنگاری لە ڕێگا لادانێکی زۆری لە نێوان هەردوولادا بینیوە، ئاماژەش بۆ ئەوەی کە دەستورێک هەیە، دەبێت ڕێزی لێبگیرێت و هاوکات ناسنامەی هەرێمی کوردستانیش وەکو کیانێکی دەستووری ڕێزی لێ بگیرێت .

سەرۆک وەزیرانی کوردستان ڕایگەیاند، زۆرجار بەغدا ئێمە دەباتە بەر دادگای باڵای فیدراڵی، بە حیساب بڕیاری ئەم دادگایە بەهێزترە لەوەی هەندێك هەنگاو لەگەڵ هەرێمی كوردستان بگیرێتە بەر، بەڵام بینیمان كە مامەڵەكردنیش لەگەڵ دادگای فیدراڵی بە میزاجە، كەی لە بەرژەوەندیی ئەوان بوو هەمیشە پەنایان بۆ بردووە، بەڵام کە دادگای فیدراڵی بڕیارێكی لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان دابێت، پەراوێزیان خستووە.

سەرۆک وەزیران دووپاتی کردەوە، کە ئەرکی نوێنەرانی هەرێمی كوردستانە، بەرگری لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان و ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان بكەن، هەرچەندە ئێمە جیا لە شایستە داراییەکان، چەندین بابەتی نیشتیمانیی دیکەمان هەیە کە داکۆکی لەسەر بکەین، وەک جێبەجێکردنی ماددەی 140 ی دەستوور و چارەنووسی ناوچە دابڕێندراوەکانی هەرێمی كوردستان و ماف و شایستەکانی پێشمەرگە وەک بەشێک لە دامەزراوەی بەرگری و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیيانی ئەنفال وهەڵەبجە و قوربانیيانی دەستی تاوانەکانی ڕژێمی پێشوو و خاپوورکردنی 4500 گوندی کوردستان، کە دەستووری عێراق بە دەقی ئاشکرا بڕیاری ئەم قەرەبووانەی داوە، کە ناكرێت ئێمە هەموو كێشە و داواکانی خۆمان لە بابەتی مووچەدا كورت بكەینەوە، کە بە داخەوە بەغدا توانیویەتی كێشەكانی ئێمە بچووك بكاتەوە و سەرقاڵمان بكات بەوەی مانگانە مووچەی خەڵكی كوردستان دەدرێت یان نا.

بێگومان بچووکردنەوەی  ئاستی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە و مامەڵەکردنی بەم شێوەیە ناکۆکە لەگەڵ ماف و بنەما یاسایی و دەستوورییەکانی ئێستادا.

خاڵی سەرەکی پەیامەکەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پرسی یەکڕیزیی کورد و تەوافوقی دادوەرییە، کە ئەو پرسەش پەیوەستە بە پرس و ئایندە و مافی گەلی کوردستان کە بە داخەوە بەغدا توانیویەتی كێشەكانی ئێمە بچووك بكاتەوە و سەرقاڵمان بكات بەوەی مانگانە مووچەی خەڵكی كوردستان دەدرێت یان نا.

بێگومان یەکهەڵوێستی و زامنی بنەڕەتی هەموو ماف و دەستکەوتەکانمانە، بۆ یە زۆر گرنگە ئەگەر ئێمە یەكهەڵوێست بین و بەغدا هەست بەوە بكات، كە كوردستان جيددیە لەوەی پێداگیریی لەسەر مافەكانی خۆی دەكات، باوەڕ ناكەم بەغدا بتوانێت خەڵكی كوردستان پەراوێز بخات، و ئەم داواكارییانەی كوردستان نادیدە بگرێ. بۆیە ئێمە نابێ بكەوینە ژێر كاریگەریی سیاسەتێكی نادروست، كە ئامانجی ئەوەیە هەرێمی كوردستان بچووك بكاتەوە و مافەكانی خەڵكی كوردستان پێشێل بکات. بە داخەوە ئەو ڕەفتارەی ئێستا بەغدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەیكات، مامەڵەی فیدڕاڵیەت و قەوارەیەكی فیدڕاڵی نییە، چونکە لەگەڵ پارێزگایەكیش بەم شێوەیە مامەڵە ناكەن کە لەگەڵ هەرێم دەیکەن، بۆیە ئەم ڕەفتارەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەیكات، ڕەفتارێكی نادادپەروەرانەیە و دژ بە دەستووری عێراقە و ناگونجێت لەگەڵ سیستەمی فیدراڵی و قەبووڵكراویش نییە. هەروەک سەرۆک وەزیران لەپەیامەکەی ئاماژەی پێدا.

مەسرور بارزانی هەمیشە بەرژەوەندیە باڵاکانی گەلی کوردستانی لە پێشەنگی کارنامەی کابینەکەی داناوەو لە کابینەی داهاتووشدا بێگومان رژدتر دەبێت لەسەری،  ئەو باش دەزانێ چۆن مامەڵە لەگەڵ ململانێکان بکات و قەیرانەکان دەور بدات و دواتر کۆنترۆلیان بکات، هەمیشە بەرگری لە ماف و کەرامەتی گەلە خۆڕاگرەکەی هەرێمی کوردستان کردووە و لەهەموو دانوستان و گفتوگۆکاندا بەئەندازەی تۆزقاڵێک سازشی لەسەر نەکردوون.

دیارە ناوەڕۆکی  پەیامەکەی  مەسرور بارزانی، ئەم جارە زۆر جدییە، شاندی هەرێمی کوردستانیش کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، سەردانی بەغدا دەکەن و گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەوێ دەکەن، پێویست بەگەڕانەوە بۆ وەرگرتنی ڕاو بۆچوونی سەرکردایەتی حکوومەت نییە بۆ هەر بڕیارێک کە بیدەن، ئەگەر نەگەیشتە هیچ چارەسەرێک، چونکە ئەوان هەروەک گوتەبێژی فەرمی حکوومەت - دەڵێت وەڵامی دروست و  پێویستیان بۆ هەموو ئەگەرێک پێیە.