
د. ئەیوب گەڵاڵی
نووسەر
سەرۆک مەسعود بارزانی.. داکۆکیکاری هەمیشەیی مافە نەتەوەییەکانمان

ئەمە نە یەکەمین جار و نە دواجاریش دەبێ، سوپای عێراق لە گوندەکانی دەوروبەری کەرکووک ڕێگری لە جووتیارانی کورد دەکەن بچنە سەر زەوییەکانیان و ئەنجامدانی کاری ئاودێری و کشتوکاڵیان لێ قەدەغە بکەن، بەڵکو ئەم هەڵمەتە نامرۆیی و نادادپەروەری و بەرنامە بۆ داڕێژراوە لە ئەجێندای دەسەڵاتدارانی عێراق بەردەوامی هەیە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش کاریگەری زیاتر دەبێت.
ئەوعەقلیەتە خۆسەپێنە بەردەوامییەی دەسەڵاتدارانی عێراق - بەداخەوە - لەدوای پڕۆسەی ئازادی عێراق لە ٢٠٠٣ وە تاوەکو ئەمڕۆ هەر جارەو بە بیانوو شێوازو سیناریۆیەکی دارێژراو جێبەجێدەکرێت و
هەرگیز باوەڕیان بە پێدانی مافی کورد نەبوە،لەگەڵ ئەوەش کە دەستورێکی هەمیشەیی بۆعێراقی نوێ دانراو کورد فیگەری سەرەکی بوو لە نوسینەوەیدا.
dیمەنە ناخ هەژێنی هێرشی سوپای چەکدار بۆسەر جوتیارانی کوردی بێچەک و بێدەسەڵات لەو ناوچانە ئەو ڕاستییە دەردەخەن کە هزری شۆڤینی ئەو دەسەڵاتە نەک هەر بەردەوامە بەڵکو زیاتر پەرەی سەندوەو لە گەشەسەندن دایە، هاوکات بێدەنگی نواندن و بێخەمی حکومەتی عێراق لە بەرامبەر ئەو هەڵمەتە نامرۆییانە زیاتر نیشانەی پرسیار لەسەر دەسەڵاتدارانی عێراق زەق دەکاتەوەو ئەو ڕاستییەمان پيدەڵێ کە زەحمەتە ئەم عەقلیەتە خۆسەپێنە گۆڕانی بەسەر دابێت یان هەر نا ریفۆرمێک لەمیتۆدی خۆی بکاتەوە .
لەبەرامبەر ئەو هەڵمەتە دڕندانەیە ئەوەی جێگای ئومێدو سەربەرزییە دیمەنی هەڵوێستی بەرەنگاربوونەوەی ئەو جوتیارە خاوەن ماف و رەسەنانەی ئەو ناوچانەنەن کە قارەمانانە بەرگری لەماف و خاکی خۆیان دەکەن، بەرگرییەک کە دڵنیام هێزو توانا و ئومێدی دوارۆژێکی پڕشنگدار بە نەوەکانی ئەمڕۆو داهاتووشمان دەبەخشێ، دیارە ئەم هەڵوێستەش زیاتر لە میدیاو ئامرازەکانی راگەیاندن و پەیجەکان رەنگیان داوەتەوەو درووشمی ( کوردم ئەمن) لەدوای ئەم ڕوداو گەلە پانتای میدیاکانی تەنیوەتەوە.
لەم دۆخە پڕ هەستیارو پێشهاتە ترسناکانەدا دیارە سەرکردایەتی کوردو بەتایبەتیش سەرۆک مسعود بارزانی هەمیشە وەک پارێزەرو داکۆکیکاری مافەکانی سەرجەم هاوڵاتیانی گەلی کوردستانی بەرامبەر هەموو ئەو رووداو پێشهاتانە هەڵوێست و قسەی یەکلاکەرەوەی خۆی هەبوە ، تەنانەت ئەمجارەیان زۆر دوور بینانەتر پەنجەی لەسەر کێشەکان داناوەو دیمەنی ئازاردانی جوتیارانی كورد و ڕەفتاری نابەجێی ڕێگریكردن كە بچنەوە سەر زەوی و زێدی رەسەنی خۆیان بە دیمەنی ئەنفال و كیمیاباران و جینۆسایدی ڕۆڵەكانی گەلەكەمانی لە سەددەی پێشوو تر بەبیر دەهێنێتەوەو تاکە تاوان کەهەشیانبێ تەنها ئەوەیە کە كوردن و خاوەنی ڕەسەنی زەوییەكانیانی خۆیانن.
پێویستە هەروەک سەرۆک بارزانی دەڵێت: (دەسەڵاتدارانی عێراق دەبێ ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو زوڵمە بكەن و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە دەستگیر بكەن بۆ ئەوەی سزای یاسایی خۆیان وەربگرن). هاوکات ڕوو لە و جوتیارە بەرگریکارە قارەمانانەش دەکات و پێیان دەڵێت: (باش بزانن كە ئێوە تەنیا و بێ پشت و پەنا نین و بە هەموو هێزێك پشتیوانی لە خۆڕاگری و ماف و داواكانتان دەکەین ).
دیارە دیدگاو تێڕوانینی سەرۆک بارزانی بۆ خاکی کوردستان لە سۆنگەی وابەستە بوونی رۆحیەوە ئۆقرەی گرتوە، ئەویش بریتییە لە دەربڕینێکی ڕوون و ڕەوانی ویژدانی زیندووی مرۆڤایەتی،کەدواتر دەبێتە هەڵوێستی مرۆڤایەتی پایە بەرزو کەرامەتی تاک بەرز رادەگرێت و بە هەموو توانایەشەوە هانی دەدات کە پابەندبێت بە زێدی خۆی و سەروەری خاکەکەیەوە .
بەردەوام بوونی ئەم ململانێ و زوڵم و ستەمە بەرامبەر گەلی کورد و خاوەن مافی راستەقینە لەداهاتودا - ئەگەر پێشی لێنەگیرێ- رەنگە ئاسەواری خراپتری لێبکەوێتەوە، ئەو ململانێ و ستەمەی کە ئە گەر بە تەواوەتی بنبڕ نەکرێت رەنگە ئاسەوارەکانی بۆ نەوەکانی داهاتوش درێژە بکێشێ .